مەسعود بارزانی:لە نێوان ژێردەستەیی و مردن،سەربەرزانە مردن هەڵدەبژێرین

خواكوڕك
 

لە دواین دیمانەدا تایبەت بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان،سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژنامەی فۆڕیگن پۆڵیسی ڕوانگەو هەنگاوەکانی داهاتووی تایبەت بەو پرسە دەخاتە ڕوو، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گۆڤاره‌كه‌ ده‌داته‌وه‌.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بارزانی ماوه‌ی 55 ساڵه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌رده‌وامه‌ له‌ خه‌بات بۆ سەربەخۆیی.

بارزانی بۆ گۆڤاره‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ جیابوونه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ كێشه‌كان و ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌.

بارزانی ده‌ڵێت: “ده‌مێكه‌ گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ پێویسته‌ ریفراندۆمێك ئه‌نجام بدرێت و رێگه‌ به‌ خه‌ڵكی خۆمان بده‌ین بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “زۆر له‌مێژه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌م هه‌یه‌، چونكه‌ به‌غدا باوه‌ڕی به‌ شه‌راكه‌تی ئێمه‌ نییه‌”.

وه‌ك گۆڤاره‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، بارزانی ده‌زانێت كه‌ ریفراندۆم یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی دوورودرێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا، هاوكات بارزانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، به‌غدا تاكه‌ لایه‌ن نییه‌ كه‌ دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانە.

گۆڤاره‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تا ئێستاش ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندی سیاسه‌تی یه‌كپارچه‌یی عێراق و توركیاش، كه‌ گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانییه‌، بڕیاردان له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ هه‌نگاوێكی “نابه‌رپرسانه‌” و “هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌” وه‌سف ده‌كات.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، بارزانی نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی به‌غدا و ئه‌مه‌ریكا و له‌ وه‌ڵامی پرسیاری گۆڤاره‌كه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئەگە ری دابڕاندنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جیهان و سەپاندنی گە مارۆی ئابووری ، بارزانی ده‌ڵێت: “كورد ئاماده‌ له‌ برسان بمرێت نه‌ك له‌ ژێر ده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه‌دا بژی”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی كه‌ له‌ رێگه‌ی ریفراندۆمه‌ ده‌درێت، به‌و هۆیه‌وه‌ جیهان ئێمه‌ داببڕێت، لێگه‌ڕێن با بمرین”.

ده‌شڵێت: “ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌ی جیهان به‌و شێوه‌یه‌ بێت، ئه‌وا (شانازييه !) بۆ ئه‌وان، چونكه‌ ئه‌وان خه‌ڵكی ئێمه‌یان له‌ برسێتیدا كوشت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی دیموكراتییانه‌ ویستوویانه‌ی سه‌ربه‌خۆ بن و بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن”.

وه‌ك ئه‌و گۆڤاره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، بارزانی چه‌ند مانگێكه‌ ته‌مه‌نی بووه‌ته‌ 70 ساڵ و هیچ كاتێك له ژیانی خۆی له‌ ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان جیانه‌بووه‌ته‌وه‌ و بارزانی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “هه‌موو ژیانی خۆمم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ته‌رخان كردووه‌”.

فۆره‌ن پۆلە سی ئاماژه‌ به‌ رۆڵی مه‌لا مسته‌فای بارزانی ده‌كات و نووسیویه‌تی، بارزانی باوك به‌شداری له‌ دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد كردووه‌ له‌ ساڵی 1946 و مه‌سعود بارزانیش له‌و ماوه‌یه‌دا له‌دایكبووه‌.

گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی مه‌سعود بارزانی له‌ مه‌هاباد له‌ دایكبووه‌، یه‌كه‌مجار بووه‌ كورد سه‌ربه‌خۆ بێت و ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌.

بارزانی له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت: “ئه‌و كاته‌ی ئاڵای سه‌ربه‌خۆی كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌، من له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌و ئاڵایه‌دا له‌دایكبووم”.

سه‌باره‌ت به‌ پێشمه‌رگایه‌تی بارزانی، گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، مه‌سعود بارزانی، هه‌مان هه‌نگاوه‌كانی باوكی گرته‌به‌ر و له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵییه‌وه‌ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ ساڵی 1979ش سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی ده‌كات، له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌ خه‌باتی به‌رده‌وامدا بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا.

بارزانی ده‌ڵێت: “له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددام حوسیندا، كورد زۆر چه‌وسێندرایه‌وه‌، هه‌ر له‌ جینۆساید و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال، كیمیاییبارانكردن، وێرانكردنی هه‌زاران گوند و گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ”.

دوای هه‌ڵمه‌تی داگیركردنی عێراق به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، كورد له‌ عێراق، گه‌یشتنه‌ قۆناغێكی نموونه‌یی سه‌قامگیری، له‌و ماوه‌یه‌دا كورد توانی هه‌رێمه‌كه‌ی بكاته‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌شاوه‌ی عێراق و وه‌به‌رهێنه‌ران روو له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌و یه‌ده‌گه‌ نه‌وتییه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان پێشكه‌وتنێكی یه‌كجار زۆر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، هه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولیر، پاركه‌ گشتییه‌كان، مۆڵ و سه‌نته‌ره‌ بازرگانییه‌كان.

گۆڤاره‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوون، له‌ ساڵی 2014 كه‌وتنه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ په‌لاماردانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام “داعش”، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی ژماره‌یه‌ك یه‌كجار زۆر ئاواره‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق.

فۆره‌ن پۆڵەسی ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، بارزانی و كورد له‌ شه‌ڕی دژی داعش سه‌ركه‌وتن و به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی گرنگه‌ی له‌ شه‌ڕی داعش بینیویانه‌، ناوبانگێكی نێوده‌وڵه‌تییان بۆ خۆیان په‌یدا كردووه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق گرژی زیاتری تێكه‌وت.

به‌هۆی ئاڵۆزبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌، حكوومه‌تی عێراق ته‌واوی داهاتی نه‌وتی له‌ ناوچه‌كه‌ شارده‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ گۆڤاره‌كه‌ پرسیار له‌ بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت: “دوای 2003 پشكی كورد چی بووه‌؟”.

بارزانی ده‌ڵێت: “ئه‌وان پابه‌ندی ده‌ستووری عێراق نه‌بوون و بودجه‌ی كوردستانییان بڕی”.

وه‌ك گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، له‌ هه‌وڵه‌كانیدا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، رووبه‌ڕووی چه‌ند ئاسته‌نگێك ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ كه‌ پشتی به‌ نه‌وت به‌ستووه‌ و له‌ ئێستاشدا نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌.

ئه‌و گۆڤاره‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی كێشه‌ی دارایی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی، ته‌نها به‌شێك له‌ مووچه‌كانییان وه‌رده‌گرن.

سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، كه‌ به‌ ناوچه‌ جێناكۆكان ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، گۆڤاره‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و ناوچانه‌ شوێنی ژیانی ژماره‌یه‌ك پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یین و هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش داوای ده‌كات، به‌ كه‌ركووكیشه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌و شاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به نه‌وت، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ چاوی زیاتری له‌سه‌ر بێت.

وه‌ك گۆڤاره‌كه‌ باسی لێوه‌ده‌كات، كورد ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی دیفاكتۆ ئه‌و ناوچانه‌ كۆنتڕۆڵك بكات، به‌تایبه‌تیش كه‌ ریفراندۆم له‌و ناوچانه‌ش ئه‌نجام ده‌درێت، بارزانی ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژین، بارزانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ به‌ “نا” ده‌نگ بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ بده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داوای ئه‌وه‌ بكه‌ن ناوچه‌كانییان وه‌ك به‌ شێك له‌ عێراق بمێننه‌وه‌.

بارزانی ده‌شڵێت: “ئه‌وان بژارده‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ نا ده‌نگ بده‌ن”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌ دوای ئه‌و ریفراندۆمه‌ش، ریفراندۆمێكی دیكه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌نجام بدرێت”.

ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتێکی دیكه‌ی فه‌رمی و له‌ گفتوگۆكاندا به‌كاربهێرێت، له‌و باره‌یه‌وه‌ بارزانی ده‌ڵێت: “ئێمه‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆ و دایالۆگێكی جددی و ئاشتییانه‌ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ین ببینه‌ پاشكۆی ئه‌وان، ئه‌وه‌ش به‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پێویست و دوور له‌ روودانی شه‌ڕی خوێناوی و درووستبوونی ناسه‌قامگیری له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌”.

بارزانی له‌ دوای راگه‌یاندنی بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجامداوه‌ و بارزانی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش به‌ ئه‌رێنی وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت: “ئێمه‌ گوتوومانه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه‌ ئه‌و كێشانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، نه‌ك توندوتیژی”.

بارزانی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ نابێت سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ببێته‌ ناسه‌قامگیر له‌ناوچه‌كه‌ و ده‌ڵێت: “ئێمه‌ به‌رده‌وام پاڵپشتی خۆمان بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ربڕیوه‌، هه‌ماهه‌نگیشمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ تایبه‌تیش هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق”.

بارزانی هیواداره‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ره‌چاوی تێڕوانینه‌كانی ئه‌و بكه‌ن و ده‌ڵێت: “ئه‌وان ده‌ڵێن ره‌نگه‌ ئێستا كاته‌كه‌ی گونجاو نه‌بێت، یان ببێته‌ هۆی درووستبوونی كێشه‌، من له‌و دوو خاڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نیم و رای جیاوازم هه‌یه‌”.

بارزانی ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر ئه‌وان دژی ئه‌و ریفراندۆمه‌ بن، مانای وایه‌ دژی به‌هاكانی خۆیان ده‌وه‌ستن، وه‌كو ئاشتی و دیموكراتی و ئازادی ده‌ربڕینی بڕیاری خۆیان له‌ باره‌ی چاره‌نووسی خۆیان، ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ دژی ریفراندۆم بن، واتا دژی دیموكراسین”.

له‌ كۆتاییدا بارزانی ده‌ڵێت: “ئاماده‌م له‌ ژێر سێبه‌ری ئاڵای كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا بمرم”.

س:ڕۆژنامەی فۆڕیگن پۆڵیسی

Back to top button