نووسەرێكی ئەمریكی: ئەمریكا و رووسیا گلۆپی سەوزیان بۆ دروست كردنی دەوڵەتی كوردی هەڵكردووە

خواكوڕك 

ئیان گرینهالخ فۆتۆگرافه‌ر و مێژوونووس، له‌ وتارێكیدا لەماڵپەری (ڤێتێرانس  تودەی) له‌باره‌ی پێشبینییه‌كانی به‌رامبه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان ده‌نووسێ:” ماوه‌یه‌كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌یری رووداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستا ده‌كه‌ین. هه‌ست ده‌كه‌ین و پێشبینی ده‌كه‌ین هه‌وڵێك بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ئارادایه‌.”
نووسه‌ر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا باس له‌ نیگه‌رانییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌كات و نووسیویه‌تی” چه‌ند ساڵێكه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان نیگه‌رانن له‌ په‌رته‌وازه‌بوون و له‌ده‌ستدانی باشترین گه‌نجه‌كانیان له‌ هه‌نده‌ران ، كه‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك كورد له‌ هه‌نده‌ران ده‌ژین وتا ئێستاش وڵات به‌جێهێشتن‌ به‌رده‌وامه‌. ئه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی زیاتر كردووه‌ خه‌می له‌ده‌ستدانی نه‌ریت و ناسنامه‌یه‌. بۆیه‌ كورد ده‌خوازێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ رابگه‌یه‌نێ بۆئه‌وه‌ی بتوانێ وڵاتێكی سه‌قامگیر و ئاشتی و بوژاوه‌ دابمه‌زرێنێ و ئه‌و گه‌نجه‌ رۆشنفكرانه‌ش رازی بكات بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات و به‌شداری له‌ یارمه‌تیدانی كوردستانێكی نوێ بكه‌ن.”
له‌باره‌ی سنووری جوگرافیای ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌نووسێ” ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌ی كورد له‌ باكوری عێراق و به‌شێكی بچووكی باكوری سوریا پێكدێت، هیچ هه‌وڵێكیش له‌ ئارادا نییه‌ بۆ له‌خۆگرتنی ناوچه‌كانی توركیا و ئێران، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا چاویان له‌ ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌ نه‌ك ناكۆكی زیاتر.”
نووسه‌ر به‌ هێنانه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك جه‌خت له‌ پێشبینییه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌نووسێ” به‌م دواییه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستی كرد به‌پڕچه‌ككردنی كورد، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی زه‌ق و روونی سه‌ر رێگه‌ی ده‌وڵه‌تدارێتییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (كلۆده‌ راینس) له‌ بڕگه‌یه‌كی فلیمی (لۆرانسی عاره‌ب) دا ده‌بێژی: پێدانی تۆپ پێیان به‌واتای ئه‌وه‌یه‌ سه‌ربه‌خۆییان پێ بده‌یت. ئه‌مڕۆ رێك ئه‌وه‌ له‌سه‌ر كوردیش پراكتیزه‌ ده‌بێت، كاتێك ئه‌مریكا چه‌كیان پێ ده‌دات.”
نووسه‌ر له‌ هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و دەشلێـ” هه‌فته‌ی به‌ری سه‌رۆك پوتین له‌لای خۆیه‌وه‌ ده‌ستبه‌ردای یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا بوو كاتێك له‌وباره‌وه‌ پرسیاری لێكرا، گوتی: ناتوانم ئه‌مه‌ بوه‌ستێنم. ئاگادارین رۆژی 2ی حوزه‌یران روسیا رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كورد واژوو كرد، ئه‌مه‌ش به‌نۆره‌ی خۆی رۆشنیایی زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر كۆمێنته‌كه‌ی پوتین.” له‌وباره‌وه‌ زیاتر پێداده‌چێ و ده‌نووسێ” ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ روسیا ئه‌و راستییه‌ پشان ده‌دات، كه‌ روسیا پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن رێككه‌وتنی پێدانی چه‌ك له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات. بۆیه‌ دڵنیاین له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كورد سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نێ.”

س:ڤێتێرانس  تودەی

Back to top button