یه‌كێتی بۆ گۆڕان: هێشتا بابه‌تی پۆستی پارێزگارمان له‌ كۆبوونه‌وه‌دا تاوتوێ نه‌كردووه‌

خواكوڕك

به‌نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری سلێمانی له‌لایه‌ن یه‌كێتی به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سیناریۆ و بژارده‌ی جۆراوجۆر باسی لێه‌وده‌كرێت. رۆژی 11/12/2014 یەكێتی و گۆڕان دوای تێپه‌ڕبوونی 7 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی رێكه‌وتن. ئێستاش دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك و هه‌شت مانگ، به‌دیاریكراوی له‌ 19ی ئابی ئه‌مساڵ واده‌ی ئالوگۆڕی پارێزگاری ئه‌م شاره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌ ده‌ڵێت هێشتا ئه‌و بابه‌ته‌مان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كه‌مان تاوتوێ نه‌كردووه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا دانا عەبدولكەریم رێكخەری ژووری حكومەت لە بزووتنەوی گۆڕان به‌رووداوی راگه‌یاندووه‌: ژووری یاسایی بزووتنەوەكەیان ماوەی مانگێكە بە راسپاردەی نەوشیروان مستەفا راسپێردراون بۆئەوەی دەرچەیەكی یاسایی بدۆزنەوە كە دەستی بزووتنەوەی گۆڕان بكاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ سەردار قادر جێگری پارێزگاری ئه‌و شاره‌، ئاواتێكی زۆری له‌سه‌ر بێ چاره‌مانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌یان هه‌ڵچنیوه‌، له‌ئه‌گه‌ری نه‌دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو، بۆئه‌وه‌ی خۆی به‌وه‌كاله‌ت ئه‌م پۆسته‌ وه‌ربگرێت. هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتیه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ زۆر روون دیار نیه‌. كه‌باس دێته‌ سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ به‌ گۆڕان، یه‌كێتی ده‌ڵێت ئێمه‌ هیچ لاریمان نیه‌. به‌ڵام كاتێك باسی ئالۆگۆڕی پۆستی پارێزگا ده‌كرێت و ناوی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر دێته‌ پێشه‌وه‌، یه‌كێتی باس له‌ گریمانی نه‌بوونی ده‌ریچه‌ی یاسایی ده‌كا. ره‌نگه‌ یه‌كێتی كێشه‌ی له‌ گه‌ڵ خودی به‌رێز د. هه‌ڤاڵ هه‌بێت، چونكه‌ هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی پێشتر رایگه‌یاندبوو: یەكێتی هێشتا ئەو بابەتەی لە كۆبوونەوەدا تاوتوێ نەكردووە، بەڵام دەزانێ كە گۆڕان كێشەی یاسایی دێتە بەردەمی.

Back to top button