نووسەرێكی تورك: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژانی لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردستانی لێیە

خواكوڕك

دوای بڕیاری سازادنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی ناوەندە ئەكادیمی و نوسەرەبەناو بانگەكانی جیهان لەو بارەیەوە بەبەرداومی شرۆڤەو وتار دەنوسن, نووسەرێكی تورك لە وتارێكدا ئاماژە بەو هۆكارانە دەكات كە وایان لە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووه لەم كاتەدا پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بێنێتە ڕۆژەوە و دەست بە پرۆسەی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان بكات.

نیهات عەلی ئۆزجان نووسەرێكی توركیایە و وتارێكی بە ناوی (بارزانی و ریفراندۆمی سەربەخۆیی) لە رۆژنامەی (میللیەت)ی توركی بڵاوكردووەتەوە، تیایدا نووسیویەتی كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دامركانی شەپۆڵی بەهاری عەرەبی، تووشی ژانی لەدایكبوونێكی نوێ بووەتەوە.

نیهات دەنووسێ “ئەمریكا كە بە تەواوی نازانێ چی بكات، بە سیاسەتێكی لەرزۆك دەستێوەردانێكی زۆر لەم وێنەیەدا دەكات. ئەكتەرەكانی هەرێمی هەریەك كەوتوونەتە جموجۆڵ. لە لایەك ئامانجی نوێ دیاری دەكەن و لە لایەكی تر بە دوای هاوپەیمانێتیی نوێدا دەگەڕێن. ئەو هێز و ئەكتەرانەی پاش بەهاری عەرەبی دروست بوونە و لە دەرەوەی دەوڵەت كار دەكەن، هەوڵی ئەوە دەدەن كاریگەریی زیاتریان لە‌سەر ڕووداوەكاندا هەبێت”

هەروەها نووسیویەتی “لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەدا شەڕ‌ی ناوخۆ و خەباتی گەریلایی و تیرۆریزم بەردەوامە. پێدەچێ ئەم بارودۆخە ماوەیەكی درێژ بخایەنێ. هەلومەرجی ئێستە لە عێراق، یەمەن، لیبیا و سووریا دەبینرێ، بەم شێوەیەیە. كێشەكانی كۆن وەك قەیرانی ئێران، شەڕی فەلەستین و سەربەخۆیی هەرێمی كوردی لە باكووری عێراق دیسان سەریان هەڵداوەتەوە”.

نووسەر دێتە سەر باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و دەنووسێ “لە كەشێكی وەهادا بارزانی ڕایگەیاندووە كە لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردی لە باكووری عێراق ئەنجام دەدرێت. بڕیاری بارزانی دەنگدانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. ئێران، توركیا و ئەمریكا دژایە‌تی خۆیان لە بەرامبەر ئەم بڕیارە ڕاگەیاند. بەغدا هەڵوێستێكی نەرمتری نوواند. سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند ئەوان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم تێدەگەن، بەڵام مانگی ئەیلوول كاتی ریفراندۆم نییە. بەڵام بارزانی دەڵێت، ئێستا كاتی ڕیفراندۆمە چونكە هەتا ئێستا لە مێژووی كورد هەلومەرج ئەوەندە لەبار نەبووە”.

هەروەها دەنووسێ كە چەندین هۆكار هەن كە وایان لە بارزانی كردووە ئەمڕۆ وا پێداگری لە پرسی سەربەخۆیی بكات و دەڵێ “جیهان ئێستە سەرقاڵی شەڕی داعشە لە عێراق و سووریا، پێشمەرگەش لەم شەڕەدا قوربانی زۆری داوە، بەڵام ناوچەیەكی زۆریشی داگیر كردووە. ئاشكرایە كە پێشمەرگە بەشێكی زۆری ئەو ناوچانەی كە كۆنترۆلی كردوونەتەوە، بۆ فشار خستنە سەر لایەنی بەرامبەر بەكاری دەهێنێت. بارزانی لەبەر شەڕ لە چەندین وڵاتی جیهان هاوكاری وەرگرتووە و هەتا ئێستەش هاوكاری دەكرێت. زۆربوونی چەك كاریگەری لەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم زۆرە، كەس ناتوانێ نكۆڵی لەمە بكات، عە‌رەبی سوننەش بەهۆی شەڕی داعشەوە لە لاوازترین بارودۆخدان و لێكترازاون. لەبەر ئەوە بۆ ماوەیەكی درێژ ناتوانن ببنە مەترسی لەسەر كورد”.

Back to top button