ئاسایشی كه‌ركوك حه‌شدێكی ده‌ستگیركرد كه‌ بۆمب له‌ نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا بوو

خواكوڕك

ئاسایشی كه‌ركوك كه‌سێك كه‌ ناسنامه‌ی حه‌شدی پێبووه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆمبی تێدابووه‌، ده‌ستگیركرد و ئێستا له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ئاسایشی کەرکووک، كه‌ كۆپیه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌ و تێدا هاتووه‌” كه‌ شه‌وی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک لە بازگەیەکدا لە گەڕەکی (یەکی حوزەیران)ی شارەکە، ئۆتۆمبێلێکی (ئۆپڵ – ڤیکترا)ی ڕەنگ (سپی)ی تابلۆی ژمارە (31293)ی کەرکووکیان وەستاندووە و دوای ئەوەی داوای ناسنامەیان لێی کردووە، دەرکەوتووە کە هەڵگری ناسنامەی (حەشدی دیفاع) بووە.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی ئاسایشی كه‌ركوكدا هاتووه‌” كه‌ دوای پشکنینی ئۆتۆمبێلی ئەو کەسە، دەستیان بەسەر بۆمبێکدا گرتووە کە لەنێو (گونیە)یەکدا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی دۆزراوەتەوە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بۆمبەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە و شۆفێرەکەشیان دەستگیر کردووە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ئه‌وه‌ی شایه‌نی گوتن بێ” له‌ پێشوودا (د.نەجمەدین کەریم) پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگه‌یاندبوو” کە چەند کەسێکی هەڵگری ناسنامەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، خەڵکیان لە سنووری پارێزگاکە ڕفاندووە و داوای لە حەشدی شەعبی کرد کە ڕوونکردنەوە لەمبارەیەوە بدەن، بەڵام لە بەرامبەردا حەشدی شەعبی لەسەر کارەکانی خۆی لەناو سنووری کەرکووک بەردەوام بوو.

Back to top button