لە دوژمن دڕتر
زكری موسا
هەر كام لەمانە دەستەڵاتی بارزانیان هەبا كوریای باكورێكیان دروست دەكرد.
هەڵوێست و كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە دەرەوەی پێشبینییەكان بوون. هەموو كاردانەوەكان ڕێزگرتن لە مافی گەلی كوردستانیان پێوە دیارە و بە وردی موراعاتی ڕێوشوێنی دیپلۆماسی و یاسا نێودەوڵەتییەكان كراوە. هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرانبەر ئەم پرسە ئیجابیە و هیچ دژایەتییەك لە ئارادا نییە.
كاردانەوە ناوخۆییەكانی ڕای گشتی و شەقامی كوردستانی جێگەی دڵخۆشین و ئەوە بە ڕوونی نیشان دەدات كە ویست و ئیرادەی سەربەخۆیی لە ناخی هاووڵاتیانی كوردستاندا بوونی هەیە. ئەوەی جێگەی نائومێدییە هەڵوێستی ژمارەیەك نووسەر و میدیای سیاسیی سەر بە هەردوو حزبی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیە.
سەنگەرگرتنەكەیان لە سەربەخۆیی و مافی هاووڵاتیان نابەرپرسیارانە و لە هەرزەیی سیاسییەوە دێت. وا دەزانن ڕیفراندۆم كەمپینی هەڵبژاردنە و لێی دەخوێنن. پشت بە لێدوان و جنێو و سووكایەتیی نەیارەكانی كورد دەبەستن، دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن بۆ ئەوەی چەواشەكاری بكەن و خەڵك هان بدەن بە سەربەخۆیی بڵێن نەخێر.
سەربەخۆیی هیچ ڕەبتێكی بە چاوچنۆكی و هەرزەیی حزبەكان نییە، موڵكی هیچ لایەن و شەخسێك نییە. سەربەخۆیی لەسەرووی یارییە بێنرخەكانی ڕاگەیاندن و فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانە. سەربەخۆیی هی خەڵكە پەیوەستە بە ئاییندەی میللەتی كورد و داهاتووەكەی. بۆیە ئەوەی لەدژی سەربەخۆیی بێتە دەنگ لە ڕاستیدا لەدژی هەموو خەڵك و نەوەكانی ئاییندە هاتووەتە دەنگ.
هیچ بڕوبیانوویەك پاساو نییە بۆ دواخستنی سەربەخۆیی یان لەباربردنی و، كەسیش ئەو مافەی نییە لەدژی بوەستێتەوە تەنیا دوژمن نەبێت.
سەیریش لەوەدایە هەموو ئەوانەی سەنگەریان لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان گرتووە لە كردار و لە ئایدیۆلۆژیدا خەڵكی نادیموكرات و توندئاژۆ و بشوێنەخوازن. داهێنەری ئیرهابی فكریین، بۆ كوردستان و بۆ سلێمانی داریان لەسەر بەرد نەناوە. هەمیشە بیریان لە تێكدان كردووە، ئێرەیی و ڕق و تەنگەنەفەسی هەوێنی هەموو لێكدانەوەكانیان بووە.
ئەو هەرزە سیاسییە كوردانەی لە دوژمن دڕتر سەنگەریان لە سەربەخۆیی و مافی گەل گرتووە با پرسیار لەخۆیان بكەن چیان كردووە بۆ ئەم وڵاتە؟
كام سەروەری و شانازییە كە بۆ كوردستان وەدەستیان هێناوە؟
جگە لە فەوزا و سەرلێشێواویی چییان بۆ سلێمانی كردووە؟ خۆ دەستەڵات و ژێرخان و سەرخانی سلێمانی خۆیانن.. جگە لە ئەسیركردنی سلێمانی چییان بۆ ئەم شارە كردووە؟
بۆ كولتوور و فەرهەنگ و ئەدەب چیان بۆ كورد كردووە؟ هەر ئەوانن داهێنەری جنێودان و شەڕی دەروونی و ئیرهابی فكری لەدژی هەر كەس وەك ئەوان بیر نەكاتەوە.
كامیان ستەمكارە؟ ئەوەی خوێن دەدات بۆ خاك و وەتەن و هەموو بەرپرسیارێتییەك دەخاتە سەر شانی یان ئەوانەی فاشیست و ناوچەگەران؟ ئەوانەی منداڵ دەسووتێنن و بیر لە كونسوڵكوشتن دەكەنەوە؟ هەر كام لەمانە دەستەڵاتی بارزانیان هەبا كوریای باكورێكیان دروست دەكرد.
كامیان مەدەنی و پێشكەوتنخوازن؟ ئەوەی بیەوێ گەلەكەی بە جەهل و تایفەگەریی خەزعەلی و داعش و مالكی ببەستێتەوە یان ئەوەی دەیەوێ كوردستان بە جیهانی ئازاد ببەستێتەوە؟
ئەوەی تازە بە تازە بت و گۆڕپەرستی و تابۆ دروست دەكا، ئەوەی حەزی لە پاشكۆیی وڵاتێكە گەلەكەی چەوساندووەتەوە، ئەوەی تەنیا دوو ڕەنگ ئەبینێ و پەلاماری بیروڕای جیاواز دەدا، ئەوەی ئیرهابی فكری تاوی دەدا، ئەوەی داعشباوەڕە و خەون بە ئیمارەت و ویلایەت ئەبینێ، هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێ كە دژی ئازادیی گەلەكەی بجەنگێ.