بارزانی چی بکات؟
ئەردەڵان هەلەبجەی
پێچەوانەی زۆرێک لەبری نیگەرانی دڵخۆشم کە هەموو حیزبەکان داوای چارەســـەرکردنی کێشەکان لە بارزانی دەکەن و بەیارو نەیارەوە داوای دەستپێشخەری لێدەکەن،چونکە ئەوە ئاماژەو ڕەمزی زۆری تێدایە،بــــــــەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە هەر ئەو کەســــایەتی و سەرکردە سیاسیانەی کە لە میدیاکانەوە ئەو داوایە دەکەن دواتر خۆیان لە داواکەی خۆیان گێل دەکەن و خۆیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەدزنەوە و ئەو دەسپێشخەریەی کە بارزانی لەسەر داوای ئەوان ئەنجامی دەدات بەشداری تێدا ناکەن و وای لێ بەرهەم دێنن بەوە لە هەڵبژاردنی ئایندە دەیانکاتە هێزی یەکەم،
بێ خەبەر لە بەتاڵی چاڕۆکەی دەستکەوتی نەتەوەییان و غیابیان لە سەنگەرەکانی دژە داعش ڕۆژ لـــە دوای ڕۆژ دەیانخــــاتە ئاوەوە,ئەوەش خۆی لە خۆیدا دوو هۆکاری هەیە.
۱ـ گرتنە بەری سیاسەتی دوو فاقی و ڕاگەیاندنی پێشوختەی بانگەشەی هەڵبژاردن.
۲ـ لاوازی و بڕوا بەخۆنەبوون،چونکە ئەم کاراکتەرانە ناتوانن ئەوەی لە میدیاکان دەیڵێن ڕوبەڕو بە بارزانی بڵێن،ئەمەش ماناو دەلالاتی خۆی هەیە،چونکە بیرمان نەچوە کە سەرکردەیەکی دیاری هێزێک لە میدیا زۆرترین ڕەخنەی لە بارزانی دەگرت کەچی ڕوبەڕو پێیوتبوو (تا تۆ هەبیت کوردستان لەدەستێکی ئەمیندایە).
پرسیارەکە ئەوەیە دوای ئەو دەست پێشخەری و هەوڵانەی بارزانی بۆ (کۆدەنگی گشتی) لەمەڕ پرسە نەتەوەییەکان دەبێت چی بکات؟ ئایا ئەویش ڕێگەی میدیاکان بگرێت و وەڵامیان بداتەوە؟لە ڕاستیدا نەخێر،چونکە بارزانی نە بێ ئیشەو نە بێ خەم،ئەو لەم قۆناغەدا خەمو بەرپرسیارێتی نەتەوەیەکی لەسەرشانە،ئەو لە ئێستادا تەنها بارزانی نیە،ئەو ئێستا درێژە پێدەرو هەڵگری کۆڵ و پەیامی تەواوی ئەوسەرکردە کوردانەی مێژووە کە تا دواهەناسە خەباتیان بۆ هێنانە دی کیانێک بۆ کورد کرد،ئەو ئێستا هەڵگری ڕۆحی سمکۆو شێخ سەعیدو شێخ ئەحمەدو مەلیک مەحمودو قازی محمد تەوای سەرکردەکانە.
بۆیە ئەرکی ئەو بۆ پرسی کۆدەنگی گشتی کۆتایی هات و ئێستا بەو زۆرینەیەی کە هاوڕایەتی دەبێت زامنی ئایندە بۆ گەلەکەی بکات و کات و توانای بەوانەوە نەکوژێت کە دەیانەوێت ئایندە و توانای ئەم میللەتە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بکوژن.