سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان: باشترین بژاردە ڕیفراندۆمە
خواكوڕك
لە دواهەمین كۆبوونەوەی پەیوەست بە دیاری كردنی وادەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەر بە خۆی بڕیار درا كە لە سەر تەاووی سەر زەمینی باشووری كوردستان بە ناوچە دا بڕێندراوەكانیشەوە ریفراندۆم ئەنجامبدرێت, سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت، باشترین بژاردە بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕیفراندۆمە، ئەوانەشی نەگەڕاونەتەوە ناوچە ئازادكراوەكانیان، لە كەمپ و شوێنەكانی نیشتەجێبوونیانەوە بەشداری ڕیفراندۆم دەكەن و ئامانجمانە لە زۆرترین ناوچە ڕیفراندۆم بكرێت.
نەسرەدین سەعید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ”بەشداری پێكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ڕێفراندۆمدا هەنگاوێكی میژووییە و دەستپێكێكە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان. لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە و ئێمەش وەكو دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەماهەنگ و هاوكار دەبین، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لە سەرجەم ئەو ناچانەدا بكرێت كە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و لە ژێردەستی هێزی پێشمەرگەدان.”
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاماژەیشی دا: ”ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە سێ قۆناخدا تێپەڕیون, سەرەتا بە درێژایی مێژوو چەندین ناوچە لە هەرێم دابرێندران، دواتر لە ماددەی 140دا ڕێككەوتنی لەسەر كرا، كە بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا لە قۆناخی سێیەمداین، كە بە شێوەیەكی دیفاكتۆ و بە خوێنی شەهیدان بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە ڕزگار كراون و لە ژێردەستی هێزی پێشمەرگەدان. چەند ناوچەیەكیش تا ئێستا لەژێر دەستی داعشدان، یان حەشد و سوپای عێراقیان لێیە. ئێمە ئامانجمانە لە زۆرترین ناوچەدا ڕیفراندۆم بكرێت.”
(نەسرەدین سەعید) جەختیشی كردەوە: ”باشترین بژاردە بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕیفراندۆمە. خۆ لە دەستووری عێراقیشدا هاتووە، دەبێ ئەو ناوچانە ڕیفراندۆمیان تێدا بكرێت و بە دەنگی خەڵكەكەی چارەنووسیان یەكلایی بكرێتەوە.”
(نەسرەدین سەعید) گوتی: ”ئەو بەشانەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە خەڵكەكەی نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانیان، لە كەمپەكان و شوێنەكانی نیشتەجێبوونیانەوە بەشداریی ڕیفراندۆم دەكەن و دەنگ دەدەن.”
بە گوێرەی ئامارەكانی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئێستا زیاتر لە 90%ی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدایە.