سوتاندنی كادیرانی پارتی لەناو بارەگاكانیان یوسف محەمەدی دوور خستەوە
خواكوڕك
لەسەر پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، جۆڕەها لێدوان دەدرێت، لەماوەی دوو ساڵی رابردوو گۆڕان بەگوتاری لەبەر كورسیەكەی بارزانی پەرەلەمان پەكی كەوتووە، بیانووی بۆ دوورخستنەوەی یوسف محەمەد دەهێنایەوە، بەڵام راوێژكارێكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان راستیەك ئاشكرا دەكات و دەلێـ” ئەوەی یوسف محەمەدی لەسەرۆك پەرلەمان دوور خستەوە سوتاندنی بارەگاكانی پارتی و كادیرانی پارتی بوو لە سنوری سلێمانی و دەلێت رێگریەكانی بەردەم یوسف محەمەد، راگرتنی ئەو ئاگرە بوو”.
د.مەدحەد سلێمان، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەوەی كە ئایا رێگریەكانی بەردەم یوسف محەمەد لە چیەوە سەرچاوەی گرت دەلێـ”ھەموومان دەزانین رێگری لە ھاتنی یوسف محەمەد بۆ ھەولێر، پەیوەندی بەو دۆخەی سلێمانییەوە ھەبوو کە گۆڕان دەیویست سیاسەتی پۆپۆلیستی خۆیان بەسەر ھەموو کوردستاندا بسەپێنن، ئاگریان لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بەردا، دەیانویست ئەو ئاگرە بۆ ھەموو کوردستان بگوازنەوە”.
هەروەها راوێژكارەكە دەشلێـ، ئەگەر وانیە بۆچی لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان، هەرچی سوتاندنی بارەگاكان و هێرشەكانی سەر بارەگای پارتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی وەستا، دەشلێـ”بۆ ئەوەی ئاگر نەگاتە ھەموو شارەکانی کوردستان، رێگری لە یوسف محەمەد کرا بێتەوە بۆ هەولێر، چونکە کاتێک وەزیرەکانی گۆڕان نێردرانەوە ماڵەوە و نەیانھێشت یوسف محەمەد بێتە هەولێر، ئیتر ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی و خۆپیشاندان و سووتاندنی بارەگاکانیش وەستان، گۆڕان لەبەرنامەیدا بوو وا بکات پارتی ھێز بۆ سلێمانی بجووڵێنێت و بە خەڵک بڵێن پارتی شەڕی ناوخۆ دەکات، یان خەڵک بەکار بهێنێت بۆ ھێرشکردنە سەر پێشمەرگە، خەڵک و پێشمەرگە ڕووبەڕوو بکەنەوە، بەڵام بۆیان نەچووە سەر”.
هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی پارتی و گۆڕان كە لەچوارچێوەی چوارساڵی ئارامی پێناسەی بۆ كرابوو، لە رۆژی 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015 بەتەواوی هەڵوەشایەوە، یەكەم هەنگاویش كە پارتی لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە، رێگری كرد لە یوسف محەمەد، بەمەش وەزیرەكانی گۆڕان رەوانەی ماڵەوە كرانەوە، دواتریش بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی نزیک لەو بزووتنەوەیە چەند سیناریۆ و هۆکارێکیان بۆ ئەو ڕێگە گرتنە داتاشی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەم هۆکارە بدەن کە ڕاوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان باسی لێوە کرد.