راگەیاندراوێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان .. یەكێتی مەرجی هەیە
خواكوڕك
لەراگەیاندراوێكدا، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەمرۆ یەكشەممە، كۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەمەی رابردوو تەواو كرد، رایگەیاند، یەکێتیی، لەدامەزراندنییەوە ھەتا ئێستا، دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بۆ گەلی کوردستان، بنەمای سەرەکی خەباتی بووە، لەو روانگەیەوە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەختدەکاتەوە، کە یەکێتیی وەکو پێشەنگی خەباتی مافی دیموکراسیانەی چارەی خۆنوسین، داکۆکیکەری بێ ئەملاو ئەولا دەبێ و تێدەکۆشێ پرۆسەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی، لەھەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دابڕێندراو لەھەرێم، سەربخرێ. بەمەرجێک سەراپای رێوشوێنەکانی بە یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند بکرێ و دەسەڵاتە تایبەتمەندییەکانی ھەرێم و تەواوی دامەزراوە فەرمییەکانی تر، لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەرکە نیشتمانییەکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، راپەڕێنن، زەمینەی کۆ دەنگی یەکڕیزی نیشتمانی بڕەخسێنن.
دەقی راگەیاندراوەکە:
سەعات (١١)ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (١٨/٦/٢٠١٧) ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی، بەسەرپەرشتی جێگری سکرتێری گشتی، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، درێژەی بەکۆبوونەکانیدا.
لەم کۆبوونەوەیەدا، ئەم بڕگانە، دوای گفتوگۆیەکی ئازادانەی تێروتەسەل، پەسەند کران:
یەکەم:
کاراکردنەوەی پەرلەمان
یەکێتیی، لەدامەزراندنییەوە ھەتا ئێستا، دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بۆ گەلی کوردستان، بنەمای سەرەکی خەباتی بووە، لەو روانگەیەوە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەختدەکاتەوە، کە یەکێتیی وەکو پێشەنگی خەباتی مافی دیموکراسیانەی چارەی خۆنوسین، داکۆکیکەری بێ ئەملاو ئەولا دەبێ و تێدەکۆشێ پرۆسەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی، لەھەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دابڕێندراو لەھەرێم، سەربخرێ. بەمەرجێک سەراپای رێوشوێنەکانی بە یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند بکرێ و دەسەڵاتە تایبەتمەندییەکانی ھەرێم و تەواوی دامەزراوە فەرمییەکانی تر، لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەرکە نیشتمانییەکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، راپەڕێنن، زەمینەی کۆ دەنگی یەکڕیزی نیشتمانی بڕەخسێنن.
دووەم:
رێککەوتنی یەکێتیی و گۆڕان
یەکێتیی ئامادەیە، رێککەوتننامەی نێوان یەکێتیی و گۆڕان جێبەجێ بکات و لەو پێناوەشدا، سەرکردایەتی ھاوبەشی راسپێردراو، بڕگەکانی رێککەوتننامەکە، جێبەجێ بکات.
سێھەم:
چاکسازیی و گۆڕانکاری
لیژنەیەک پێکھات بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی پێشکەشکراوی مەکتەبی رێکخستن بۆ چاکسازیی و گۆڕانکاریی، لەماوەی ھەفتەیەکدا پرۆژەکە گەڵاڵەی رەسمی بکەن و دابەشبکرێتە سەر ئەندامانی سەرکردایەتی.
چوارەم:
نەخشەڕێگەی یەکێتیی
وەڵامی نەخشەڕێگەی یەکێتیی، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە خوێندرایەوەو بڕیاردرا، ھەڤاڵانی سەرکردایەتی، بۆچوونی خۆیان دەربارەی بدەنە مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی سیاسیش، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتیدا، بکەوێتە گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بە ئامانجی ھاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینە، لەھەموو ئاستء ئاراستەکاندا.
کۆبوونەوە، بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دیکەی پرۆگرامی سەرکردایەتی، دوای جەژن، درێژە بەکۆبوونەوە دەدات.
بەئومێدی ئەوەی، لەم قۆناغە نوێیەی راپەڕاندنی ئەرکە چارەنوسسازەکاندا، یەکێتیی:
-کاریگەر بێ لەکارا کردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی یاسایی و سیاسیء یەکڕیزی نیشتمانی.
-ژینگەی ھەڵوێستی دیموکراسی نەتەوەیی و، زەمینەی ئابوریی و، کۆششی دیپلۆماسی و زەمینەی یاسایی، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بڕەخسێنرێ.
-چاکسازیی و گۆڕانکاری لەناو یەکێتیی و لەحکومەتدا بھێنرێنەدی، ھەتا کێشە پەنگ خواردووەکانی ھەناوی یەکێتیی چارەسەر بکرێن و پەیڕەوی ناوخۆ بکرێتە بنەمای حزبایەتی. لەھەمانکاتدا، ئەو کار بەدەستانەی نەیانتوانیوە بەپێی پرۆژەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی کوردستان، کە پەیمان و پەیامی یەکێتیی بون بۆ جەماوەر، ئەرکەکانیان راپەڕێنن، لێیان بپێچرێتەوەو سەرکەوتوەکانیشیان، پاداشت بکرێن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان
١٨/٦/٢٠١٧