ئامینە زكری: گەل سزای ئەوانەدەدات لە دژی ڕیفراندۆمدا كەمپین دروست دەكەن

خواكوڕك
دوای بڕیاری سازدانی ریراندۆم لە 25ی ئەیلولی داهاتوو, كاردانەوە جیاوازی لە سەر ئاستی ناوخۆی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا بە جۆرێك كە بە تەنیشت پەرۆشیەكانی خەلك بۆ سازدانی ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان ئەوا خەڵكانێك دژ بە ریفراندۆم كەمپینبان دروستكردوە لە ژێر كاریگەری سیاسی و حزبی, جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دەبێ ڕیفڕاندۆم ھەموو ناكۆكییە سیاسییەكان وەلا بنێت و ھەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە كار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بكەن. دەشڵێت، ئەوانەی كەمپین دژی ڕیفڕاندۆم پێك دێنن، دادگای گەل سزایان دەدات.

ئامینە زكری, بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ”ڕیفڕاندۆم پرسێكی نیشتمانییە و لە سەرووی ھەموو پرسێكەوەیە، كاتێك ئێمە ئاوارە و دەربەدەر بووین و شەھید و قوربانیمان دەدا، قارەمانەكانمان خوێنی خۆیان لەپێناو سەربەخۆییی كوردستاندا دەبەخشی و گیانی خۆیان دەكردە قوربانی و خەباتی ئێمەش ھەر لەو پێناوەدا بەردەوام بووە. بە دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفڕاندۆم لە لایەن سەركردایەتیی كوردستانەوە، دەبێ گوتاری كورد بەرەو گوتارێكی نیشتمانی، نەتەوەیی و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بچێت، دەبێ ڕیفڕاندۆم ھەموو ناكۆكییە سیاسییەكان وەلا بنێت و ھەموو لایەنە سیاسییەكان پێكەوە كار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بكەن، چونكە خەونی ھەموو گەلی كوردستانە.”

ئامینە زكری گوتیشی: ”بەداخەوە ھەندێ لایەنی ھەرێمی كوردستان كەمپینی دژی ڕیفڕاندۆمیان دروست كردووە، بە ھەندێ بەھانەی سادە و ساویلكانەوە، كە عەقڵ و لۆژیك ناتوانێ ئەو بەھانە بچووكانە قبووڵ بكات. ئومێدمان ھەیە ئەو كەس و لایەنانە بگەڕێنەوە نێو لایەنەكان بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم و ھەركاتێكیش بێن درەنگ نییە، بەپێچەوانەوە ئەگەر لە ڕیفڕاندۆمدا بەشدار نەبن، ئەوە مێژوو ڕەحم بە كەسمان ناكات و دادگای گەل بە شێوەیەكی دادپەروەرانە سزای ئەو كەسانە دەدات، خۆ ئێمە دڵنیاین چەندین كەمپینیش پێك بێنن، كاریگەرییان لەسەر بۆچوونی نیشتمانپەروەرانەی خەڵكی سلێمانی نابێت.”

Back to top button