راگەیاندنی یەكێتی دژی ریفراندۆم كاردەكات
خواكوڕك
دوای دیاری كردنی وادەی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان, كە لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بوو, بەڵام راگەیاندنی فەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، جیاواز لەو پەیامە بڵاودەكاتەوە كە سەركردایەتی باڵای حزبەكەی بڕیاریان لەسەر داوە.
رۆژی 7/6/2017 شاندێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئامادەی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بوون، ئەو كۆبوونەوەیەی بڕیاریدا رۆژی 25/9/2017 لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكرێت و هەموو لایەنەكان پێكەوە كار بۆ سەرخستنی بكەن.
بەڵام راگەیاندنی فەرمی یەكێتی، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، زیاتر دژی پرۆسەكە جوڵاوەتەوە، لە ریگەی رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی یەكێتییەوە، زیاتر وتاری رەخنەیی و تا رادەیەكیش تەنز و دەستەواژەی گاڵتەجاڕی و بابەت لەسەر ئەو پرۆسەیە بڵاودەكاتەوە.
بە گوێرەی لێكدانەوەی چاودێرانی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، هۆكاری ئەو دژایەتییەی راگەیاندنی یەكێتی، بۆ بەشداریی جۆری شاندی یەكێتی لە كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە.
ئەو رۆژە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری باڵی دەستڕۆیشتوو، لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار نەبووە، میدیاكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش زیاتر لە لایەن باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاراستە دەكرێن، هەر بۆیە چاودێران ئەو زەمینە خۆشكردنەی میدیاكان بۆ بابەتی دژ بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ ئاراستەیەكی ناو یەكێتی دەگێڕنەوە.
فەرید ئەسەسەرد. ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
لە ژمارەی رۆژی 12/6/2017 دا فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی و نزیك لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی، چەندین گومان و پرسیاری لە بارەی ریفراندۆمەكەوە وروژاندوە و نووسیوویەتی ” پرۆسەی ریفراندۆم هەر لە بناغەوە بە كەموكوڕییەوە دەستی پێ كردووە، تێكەڵ بە بەرژەوەندییە كەسیو بنەماڵەییو حزبییەكان بووە، باش كاری بۆ نەكراوەو بەرنامەی هەمەلایەنەی بۆ دانەنراوە ئەمەش لەگەڵ خۆیدا ئەم پرسیارە دەوروژێنێ: ئایا كوردستان بەرەو ریفراندۆمێكی بێهوودە ناچێ؟ ئەم پرسیارەش پرسیارێكی تر دەوروژێنێ، ئەویش ئەوەیە كە ئایا ئێمە ریفراندۆمەكەمان ریفراندۆمێكی سەركەوتوو دەبێ یان ریفراندۆمێكی بێهوودە؟.
تەنانەت یەكێك لەو نووسەرانە كە وتار و بابەتی تەنزئامێز بۆ رۆژنامەكە دەنووسێت (شێركۆ عەبدوڵڵا) لە وتارێكدا بە ناوی “راپرسی و فەتوا”، ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو جیاوازییە كردووە لە بۆچوونی یەكێتییەكاندا و پرسیار دەكات ” ئینسان ئەو رۆژە(رۆژی ریفراندۆم) چ نەوعە جل و بەرگێك لەبەر بكات خێری زیاترە؟
وەڵام: هەموو نەوعێك باشە بەتایبەت زەردو سەوزی كاڵ و شینی عاسمانی، بەڵام كراسی مۆر رەئییەكەت باتڵ ئەكات”.
سەوزە كاڵەكەی شێركۆ عەبدوڵڵا ئاماژەیە بۆ ئەو باڵەی یەكێتی كە لەگەڵ ریفراندۆمەكەدا كۆكن و بەشداریی كۆبوونەوەكەی بارزانی بوون، بۆیە دوور نییە (سەوزە تۆخەكە) وەك پێویست لەگەڵ ریفراندۆمەكەدا نەبن، یان لەگەڵیشی بن، تەنها لە ئاستی سەرەوەدا دژایەتی بۆ دەرنەبڕن تا كێشەكانی نێوان باڵەكان قوڵتر نەبێتەوە، بەڵام لە ئاستی جەماوەری حزبەكەدا بەڵێی زۆر بۆ ریفراندۆمەكە كۆنەبێتەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری باڵی دەستڕۆیشتوو و شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی
باڵی دەستڕۆیشتوو، جگە لەوەی ئیمپراتۆرییەتی میدیایی حزبەكەیان لە ژێر دەستدایە و ئاراستەی دەكەن، دارایی و هێزی ئەمنی یەكێتیشیان لە بەردەستدایە، دارایی و هێزی ئەمنیش واتا توانای جوڵاندنی بنكە جەماوەرییەكانی یەكێتی، ئەو بنكە جەماوەرییەی زۆر جار لەگەڵ جەماوەری گۆڕان لە یەكتر دوورنین و لە زۆربەی پرسەكاندا ئەگەر سەركردایەتییەكانیشیان ناكۆك بووبن، ئەوان هاوڕا بوون.
لە وتارێكی دیكەدا بە ناوی ” ریفراندۆم لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا” هەمان ئەو پاساو و كێشانە دەبینرێت كە دژی ریفراندۆم دەوروژێنرێن، بۆیە نووسەری ئەو بابەتە لە بەشێكی نووسینەكەیداكە لە ژمارە 7296 رۆژی 18/6/2017 دا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت ” هێشتا هەموو حیزب و لایەنەكان كۆك نین لە سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هێشتا پەرلەمان داخراوەو كارا نیە! مووچەی مانگانەی خەڵك لە دۆخی پێشووتری خراپتر بووە، حاڵ و گوزه رانی خەڵك ساڵ دوای ساڵ خراپتر ئەبێت، لێره و لەوێ ڕێگری لەئازادی ئەكرێت و بەرتەسك ئەكرێتەوە، هێزی پێشمەرگە یەك نەخراوەتەوە! بڕیارەكانی ئەمدیوی دێگەلە بۆ ئەو دیو ناخوات و به پێچەوانەشەوە! بودجەی تەواومان نیەبۆ هەڵبژاردن بەڵام بودجه بۆ ڕێفراندۆم هەیە!؟
لە كاتێكدا ئێمه بانگەشەی سەربەخۆیی لێ ئەدەین و باس لە دەوڵه ت ئەكەین لەم كاتەدا پێشمەرگەلە بری دنیا دەجەنگێت نەتوانراوەبۆچوونی سیاسیەكانی دنیا بگۆڕن و هەوڵی ئەوەبدەن پشتگیری و پاڵپشتی نێودەوڵه تی بەدەست بهێنن، ئەی ئەبێت كەی بتوانن!؟ هاوپه یمانەكانمان پێش ئەوانی تر دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند!”.
كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان 7/6/2017 كە كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار بەشدارییان كردبوو
رۆژنامە فەرمییەكەی یەكێتی وتار و بابەتی دیكەشی بۆ رەخنەكردنی دەوڵەتخوازیی و سەربەخۆیی نووسیووە، لە كاتێكدا بۆچوونە پێچەوانەكان كە لەگەڵ سیاسەتی سەركردایەتی یەكێتی یەكدەگرنەوە، لە لاپەڕەكانیدا نابینرێن.
پێشتر كە پارتی و یەكێتی بە تایبەتی رێككەوتنیان لەسەر پرسێك یان بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكرد، لە ئاستی جەماوەریش تا رادەیەك كەسانێك پابەند نەبوونایە، میدیاكانیان پێوەی پابەند دەبوون، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 25/7/2009، جگە لەوەی وەك لیستی هەڵبژاردن پێكەوە كاریان دەكرد لەسەر هەموو ئاستەكاندا، میدیاكانی ئەو دوو حزبە وەك یەك تیم بانگەشەیان دەكرد.
لەوەش گرنگتر، خودی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، لە كەمپەینەكانی هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ بارزانی دەكرد، چونكە كاندیدی هەر دوو پارتەكە بوو و بە گوێرەی رێككەوتنی نێوانیان كە سەرۆككۆماریش درابووە یەكێتی، كاریان بۆ سەرخستنی كەمپینەكانی یەكتر دەكرد. بەڵام ماوەیەكی زۆرە تاڵەبانی لە مەیدانی سیاسی و ناوەندی بڕیاردانی حزبەكەی دوورە، دوورنییە كاتێك جێگرەكەی بڕیارێك دەدات، باڵەكەی دیكە پێوەی پابەند نەبیت.
ئیستا بەرەی دژی ریفراندۆمیش لە كوردستان پەیدابوون، دەڵێن كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە و بەو دۆخە سیاسی و كارگێرییەوە نابێت بیر لە جیابوونەوە بكرێتەوە، بۆیە هاوئاوازیی میدیاكانی یەكێتی لەگەڵ بۆچوونی دژبەرانی ریفراندۆمەكه، بووەتە جێگەی پرسیار بۆ خەڵك و چاودیرانی رەوشەكە. چونكە ریفراندۆم لە هەڵبژاردنێك یان خولێكی پەرلەمان جیاوازەو بۆ سەربەخۆیی كوردستانە كە زۆرینەی لایەنەكان دەڵێن،” لە رابردوودا هەموو خەباتمان بۆ ئەو رۆژە بووە”.