بەرپرسێكی ئەوقاف: پێشبینی دەكەم یەكشەممە یەكەم رۆژی جەژن بێت

خواكوڕك
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پێشبینی دەكات رۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بۆ یەكەمجار لە هەموو جیهانی ئیسلامی بەیەكەوە بوو و تەنانەت هەندێك لە شیعەكانیش لەگەڵ سووننەكان كردیانە رەمەزان.

مەریوان نەقشبەندی وتی: “لە ئێوارەی یەكەم رۆژی رەمەزان سەیری مانگم كرد هەستم كرد مانگی دووشەوەیە نەك یەك شەوە، واتە دەبوو رۆژیك پێشتر واتە 26-5-2017 رەمەزان بوایە”.

وتیشی‌: “بەڵام لەبەرئەوەی رۆژێك دواتر كرا بە رەمەزان، پێشبینی دەكەم لە ئێوارەی 29ی رەمەزان واتە ئێوارەی شەممەی داهاتوو مانگ ببینرێت و رۆژی یەكشەممەی داهاتوو ببێتە یەكەم رۆژی جەژن”.

پێشتریش نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف راگەیاندبوو، بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژن لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف كۆدەبنەوە و ئەوانیش پابەندن بە بڕیاری لیژنەكە.

Back to top button