فەرەیدوون عەبدولقادر:دەزگای مخابەراتی هەیە لەفیسبووك 10یان هەزار ئەكاونت و پەیچی هەیە

خواكوڕك 

لە دیمانەیەكی دا فەرەیدوون عەبدولقادر لەبارەی پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان دەلێـ”لەنێو یەکێتی رایەکی زۆرینە هەیە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و رایەکیش هەیە، کە دەڵێت هەموو هێزەکان بۆ سەرخستی پرۆسەکە کۆبکەینەوە و پەرلەمان کارابکەینەوە. پەرلەمانی کوردستان لە پلەی دووەمە، کاراکردنەوەشی گرنگە، بەڵام یەکێتی و پارتی رێککەوتنێکیان کردووە لەسەر ئەوەی چۆن پەرلەمان کارابکەنەوە”.

ئەو ئەندامەی پێشووی مەكتەبی سیاسی دەشلێـ”قسە لەسەر ئەوە ناکەم لەنێو یەکێتیدا کێ باڵادەستە، بەڵام شتێکی زۆر روون لەنێو یەکێتیدا هەیە، کە کێشە و گیروگرفت هەیە و د‌وو را و بۆچوونی جیا هەن. رایەک هەیە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ پارتی و لە سەردانەکانیشدا بە روونی بۆچوونی خۆی دەربڕیوە و نوێنەری یەکێتیش بوون بە حیساب. بەهەموو توانا پشتیوانیان لە ریفراندۆم کردووە. رایەکی دیکەش هەیە کە هەمان رای گۆڕانە و داوا دەکات دەبێت پەرلەمان کارابکرێتەوە و دەڵێ ئەوە مەرجە بۆ ریفراندۆم”.

لەبارەی رایەكانی فەیسبووك و جیاوازی لەنێوان رای گشتی فەرەیدوون عەبدولقادر دەلێت، رای گشتی دەشێوێنرێت و دەلێ”رای فەیسبووك رای گشتی نیە، دەزگای مخابەراتی هەیە، دەیان هەزار ئەكاونت و پەیچی هەیە، بۆ شێواندنی رای گشتی، بۆیە رای گشتی فەیسبووك نیە، دەشلێ”گۆڕان و یەکێتی دەبێت لەو دۆخی ئەمڕۆمان تێبگەن. چونکە هێشتان دەوڵەت نین و نازانین کەی و چۆن پلانێکمان لێدەگێڕن و فیدراڵیەتەکەمان لێ تێکدەدەن، هەروەها هۆشداریدا لەوەی مەترسییەکان بەکۆتا نەهاتوون و دەڵێت “هێشتان لەژێر هەژموونی عێراق و تورکیا و ئێرانداین، لەمانە دەربازمان نەبووە، لە پیلان و لە نیازی خراپی هیچ لایەکیان دەربارەی ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی کورد دەربازمان نەبووە”.

ئەندامەکەی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوەی نەشاردەوە کە “لە پێشکەوتن و بەدامەزراوەکرنی کوردستان دەربازمان نەبووە. پێویستە ئاوڕێک لە هەموو ئەو قۆناخە و ئەرکەکانمان بدەینەوە. هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا واقیعێک هەیە کە دوو زۆنی سەوز و زەرد هەن. هەرچەندە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان هەبووە، نەیتوانیوە یەک زۆن بەدیبهێنێت”.

فەرەیدون عەبدولقادر گوتیشی “داوای ئەوە لە پارتی و کاک مەسعود دەکەم دەستپێشخەرییەکی وا بکەن کە پەرلەمان کارابکرێتەوە. دەبێت هێڵی سوور لەسەر ئەوە دابنرێت کە دەڵێن دەبێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وای لێ بکرێت و وای لێ بکەین. کارێکی باش نییە دەستکاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێ”.

فەرەیدون عەبدولقادر گوتیشی”کاک مەسعودم بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێباشترە لە هەر کەسێکی دیکە، بۆ ئەم دۆخەی ئێستا. کاک مەسعود بە فەرمی و غەیرە فەرمی سەرۆکایەتیی ئەم هەرێمە دەکات، سەرۆکی وڵاتان و پەرلەمانتاران و سەرۆکی حیزبەکان و کۆمپانیاکان و جەنەڕاڵی بیانییەکانی هەموو ناسیووە، ئەمە سەروەتێکە چۆن بیگۆڕمەوە بە کەسێکی ناشارەزا، لەکاتێکدا من هێشتا دەوڵەت نیم و دەمەوێت کاربکەم بۆ سەربەخۆیی وڵات و میللەتەکەم”.

لەبارەی هەڵوێستەكانی كۆمەڵی ئیسلامی فەرەیدوون عەبدولقادر دەشلێــ من هیچ جیاوازیەك لە هەڵوێستی گۆڕان و كۆمەڵ نابینم، پێم وانیە هیچ جیاوازیەك هەبێت، دەلێـ من نالێم پاشكۆیە، بەڵام دەلێم هیچ جیاوازیەك لە هەڵوێستیان نیە”

Back to top button