بارزانی:بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە

خواكوڕك

مەسعود بارزانی لە دیدارێكی دا لەگەڵ سەلیم جبوری دەلێـ”بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتیانە و حیوار و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات.

ڕۆژی دووشەممە 19ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین  مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك پارلەمانتار و نوێنەری كوتلە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە دیدارەكەدا كە فازل میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نوری شاوێس و ئازاد بەرواری و مەحمود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و شەڕی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش و ڕەوشی ناوچە ئازادكراوەكان و بارودۆخی ئاوارەكان تاوتوێ كرا، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هاوكێشە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پارلەمانی عێراق.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە ڕیفراندۆم و ئاییندەی كوردستان و دەوڵەتی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی پێشێلبوونی دەستوور و شەراكەت و تەوافوق لە عێراق ئاماژەی بەوەدا كە بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتیانە و حیوار و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات.

Back to top button