مەلا بەختیار وەڵامی تووندی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە

خواكوڕك 

لەبارەی روونكردنەوەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، مەڵا بەختیار لە روونكردنەوەیەكدا بەتووندی وەڵامی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە، رایدەگەێنێت، روونكردنەوەكەی خاتوو هێرۆ دژی بۆچوونی پێشووی خۆی بووە، دوای بەجێ هێشتنی كۆبوونەوەكە بۆچوونی گۆڕاوە، 
لە ڕوونكردنەوەكەی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەكێتیدا هاتووە “ئەمشەو خاتو هێرۆ روونكردنەوەیەكی لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ یەكخستنی فراكسیۆنی یەكێتی‌ و گۆڕان بڵاوكردەوە. بۆ ئەوەی راستیەكان، دوور لە پێخۆری هەلپەرستی بزانرێ‌، ئەوەی لە ناو كۆبوونەوەكەدا باسی بڕیاری هەڤاڵ هێرۆی كرد سەبارەت بە یەكخستنی فراكسیۆنەكان بەندەیە (مەلا بەختیارە)”.
مەلا بەختیار هۆكاری باسكردنی بڕیاری هێرۆ برایمی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە گەڕاندووەتەوە: یەكەم– لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی (2017/4/26) كاتێك مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی رێكخستنی فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌ و گۆڕان كرا، هەڤاڵ هێرۆ بۆچونی وا بوو كە هەلومەرجەكە لەبار نییە بۆ ئەو یەكخستنە. دووەم – دوابەدوای ئەو كۆبوونەوەیە، كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌ و گۆڕان كرا، هەڤاڵ هێرۆ بە راشكاویی هەمان بۆچوونی دووپات كردبووەوە، كە كاتی نییە فراكسیۆنەكان یەك بخرێن. – سێهەم رۆژی (2016/6/15) سەعات (5)ی ئێوارە، لە دانیشتنێكدا، بەئامادەبوونی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، دۆخی كوردستان‌ و دۆخی ناو یەكێتیمان لەگەڵ هەڤاڵ هێرۆ تاوتوێ كرد، بۆچوونەكانی سەبارەت بە هەمان مەبەست‌ و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان، كە بگونجێ‌ لەگەڵ بارودۆخی كوردستان‌ و یەكێتی‌ و چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ و ریفراندۆم، هیچ ئالوگۆڕێكی بەسەردا نەهاتبوو. بەڵكو گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە لە كوردستان‌ و لەناو یەكێتیشدا، لەگەڵ تەواوی هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌ و جێگرانی سكرتێری گشتیدا نەرمتر، هەنگاوی چارەسەر بنرێ‌.- چوارەم: لە كۆبوونەوەی (2017/6/18) كاتێك قسەوباس هاتە سەر رێكەوتنامەی یەكێتی‌ و گۆڕان‌ و یەكخستنی فراكسیۆنەكان، لە نیوەی باسەكەدا، هێرۆ كۆبوونەوەی جێهێشت، وەكو راستییەك ئاماژە بەو بۆچوونەی هەڤاڵ هێرۆ كرا، سەبارەت بە نەگونجاوی دۆخەكە بۆ یەكخستنی فراكسیۆنەكان. دوای شەنوكەوێكی هەمەلایەنە، ئەو بڕیارنامەیە پەسەند كرا كە لە راگەیاندنی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، دەقەكەی بڵاوكرایەوە.
مەلا بەختیار لە كۆتاییدا نووسیویەتی “ئەوەی مایەی سەیروسەمەرەیە، دوای پەسەندكردنی بڕیارەكە و بڵاوكردنەوەشی، دیارە هەیە، دڵی بەو بڕیارەش دانەكەوتووە‌ و مەبەستی بووە ئاراستەی كۆبوونەوەكە بئاڵۆزێ‌، بۆیە هەواڵی ناو كۆبوونەوەكەی بەو شێوەیەی لەگەڵ مەبەستەكانیا دەگونجێ‌، بەو رێگایانەی ئاسان بووە بۆی، گەیاندۆتە هەڤاڵ هێرۆ. تومەزە، ئەو هەڤاڵەی هەواڵەكەی بەمەبەست گەیاندووە، باشتر لە ئێمە دەزانێ‌، هەڤاڵ هێرۆ، دوای چوونە دەرەوەی لە كۆبوونەوەكە، بۆچوونەكەی گۆڕدراوە و بڕیاری پێچەوانەی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی پێشووی سەركردایەتی داوە. تا ئێرە ئاساییە. دەپرسین: مادام سەركردایەتی، بەبێ‌ ئەوەی تەنانەت هەڤاڵێكیش دژی بڕیارەكە رای دابێ‌، بڕیارەكە سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان، پەسەند كرابێ‌، ئیتر پێویستی دەكرد، ئەم گفتوگۆیەی ناو كۆبوونەوەكە، بەمەبەست‌ و لەپێناوی ژاوەژاوی چەواشەخوازی، بگەیەنن؟ ئایە، باشتر نەبوو، هەڤاڵ هێرۆ، دەستبەجێ‌، پێش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، بەتەلەفۆن ئەزیەتی كێشابا و گوتبای بیروڕام گۆڕیوە و ئێستە بۆچوونم وایە، فراكسیۆنەكان یەك بخرێ‌؟ بەدڵنیاییەوە، تەلەفۆنێكی لەوجۆرە، ئامانجە سیاسی‌ و حزبیەكانی باشتر دەپێكا، نەك روونكردنەوەیەكی بەیاننامەئاسا، كە چەندین جار كوردسات نیوز و كەناڵی دیكە پەخشی بكەن‌ و ناحەزانی یەكێتیش سوودی لێ وەربگرن. هەلپەرستەكانیش بخاتە هەلەكەسەما”.
دوێنی شەو هێرۆ برایم تاكلایەنە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو پشتیوانی خۆی بۆ یەکگرتنەوەی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان رادەگەیەنێ.

Back to top button