“دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان خۆی بە خاوەنی ڕیفراندۆم بزانێت”

خواكوڕك
لە ئێستادا چین و توێژەكانی كوردستان بە شێوەی جیا پێشوازی لە پرسی سازدانی ریفراندۆم دەكەن,37 سەندیكا و كۆمەڵە و یەكێتیی و تۆڕی ڕێكخراوی ناحكوومی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بڵاودەكەنەوە.
ئەو ژمارە ڕێكخراوە ناحكوومییە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان ئەنجامداوە و دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی ڕاگەیەنراوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكراكرد.

ڕاگەیەنراوەكە وێنەیەكی بۆ(خواكوڕك) نێردراوەو لە بەشێكیدا هاتووە” ئەم ریفراندۆمە، پرۆسەیەكی نیشتمانیی و نەتەوەییە. دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان خۆی بە خاوەنی بزانێت، چونكە بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵە و خوێنی شەهیدان و قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە و هیوا و ئاواتی خانەوەدای شەهیدان و گشت لایەكە”.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەنراوەكەیە:-

جەماوەری كوردستان…

دووشەممە رێكەوتی 19/6/2017 ئێمە وەك یەكێتی، سەندیكا و كۆمەڵە پیشەییەكانی كوردستان، له بارەگای‌ سەندیكای پارێزەرانی كوردستان كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا دەربارەی دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكه و ریفراندۆم‌ كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیاری داوە لە 25/9/2017 ئەنجام بدرێت.

هەموو لایەك ئەو ڕاستییەیان لا بەرجەستە بووە كە كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار دا تێدەپەڕێت و ناوچەكه لەسەروبەندی گۆڕانكارییەكی گەورەدایە‌، پێویستە بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

خەڵكی كوردستان بەدرێژایی مێژوو و بەدیاریكراویش لە سەرەتای سەدەی رابوردوەوە خەباتی بێ سڵەمینەوەی لەپێناو ئازادیی و سەربەخۆییی بووە و ئێستاش كە ئەو دەرفەتە لەبارە هاتۆتە پێش بۆ گەلەكەمان، پێویستە هەموو تواناكانی بۆ تەرخان بكرێت، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەكە كە بێگومان ریفراندۆم هەنگاوی بەراییی و بنەمای یاساییە بەرەو ئەو ئامانجە.

ئەم ریفراندۆمە، پرۆسەیەكی نیشتمانیی و نەتەوەییە. دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان خۆی بە خاوەنی بزانێت، چونكە بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵە و خوێنی شەهیدان و قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە و هیوا و ئاواتی خانەوەدای شەهیدان و گشت لایەكە.

لەم بارەیەوە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بەپێویستی دەزانن:

1. لایەنە سیاسییەكان گشت ناكۆكیی و جیاوازییەكانیان وەلا بنێن و هەموان لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆییی یەكدەنگ بن.

2. لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم و وەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە، پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە.

3. حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جیددی و لێبڕاوانە بكات لەپێناو باشتر كردنی گوزەرانی هاووڵاتییانی كوردستان بەگشتیی و فەرمانبەران و مامۆستایان بەتایبەتی.

داواكارین خەڵكی كوردستان بە جۆش و خرۆشەوە رۆژی 25/9 بكەنە كەرنەڤاڵی ((بەڵێ)) بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

سەركەوتوو بێت خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی

لەپێناو سەركەوتنی ریفراندۆم و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی

هەولێر

19/6/2017

Back to top button