ڕۆژنامەیەكی توركی: هەرێمی كوردستان هەنگاو هەنگاو بەرەو دەوڵەتبوون دەچێ

خواكوڕك
دوای ئەوەی بە كردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بۆ بەدەولەت بوون هاویشت و لە دواهەمین كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاری سازدانی ریفراندۆم درا, ئەم هەنگاوەی هەرێم كاردانەوەی گەورەی نێو دەوڵەتی و ناوخۆی لێكەوتەوە, رۆژنامەی (میلاد)ی توركی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاو هەنگاو دەیەوێ بەرەو دەوڵەتبوون بڕوات، تەنانەت پارەی تایبەت بە خۆشیان ئامادە كردووە و لە میدیاكاندا بڵاویان كردووەتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن چەند كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی و سۆسیال میدیاوە، دیزاینی پارەیەكی كوردی بڵاوكرایەوە و ئاشكرا كراوە ئەگەر كوردستان ببێت بە دەوڵەت ئەو دیزاینانە دەبنە پارەی كوردستان، بۆیە دیزاینی ئەو پارەیە بووەتە مانشێتی زۆرێك لە میدیاكانی توركیاش.
(میلاد) لە هەواڵێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە هەرێمی كوردستان تەنیا بە قسە نایەوێت ریفراندۆم بۆ گشتپرسی بكات، بەڵكو هەنگاوی جیدی بۆ ناوە، هەروەها نموونەی بەدیزاینی پارە تازەكەی كوردستان هێناوەتەوە و دەڵێ “تەنانەت بیریان لە پارەی تایبەت بەخۆشیان كردووەتەوە، بۆیە هەنگاو هەنگاو بەرەو دەوڵەتبوون دەچن”.
هەر لە هەواڵەكەدا هاتووە، پارەی داهاتووی دەوڵەتی كوردستان وێنەی هەموو ئەو سەركردانەی تێدایە كە پێشتر خەباتیان بۆ میللەتی كورد كردووە و ناوی دیزاینەری دروستكردنی ئەو پارەیەش هاتووە كە بریتیە لە ئاسۆ مامزادە.

Back to top button