فواد مەعسوم بۆ بارزانی : تۆ پێشمەرگە و سەركردەیەكی ژیر خەباتی پرشگنداری گەلەكەمانی
خواكوڕك
فوئاد مەعسوم بەبۆنەی سالیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە، لە پەیامەكەدا دەلێت: “ئەم یادە مێژووییە هاوكاتە لەگەڵ جەژنی لە دایكبوونیشتاندا، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرمتان پێشكەش دەكەم ، كە لەگەڵ تەمەنی پارتیدا ئێوەش وەك تێكۆشەرو پێشمەرگە و سەركردەیەكی ژیر بەشداریی خەباتی پرشگنداری گەلەكەمانتان كردووە رۆڵی دیارو بەرچاوتان هەبووە، ئێستاش لەم قۆناغەدا ئەو رۆڵە لە هەردوو ئاستی كوردستان و عێراقیشدا درێژەی هەیە”.
لە پەیامەكەی فواد مەعسوم دا ھاتووە: “هیوادارم یادی دامەزراندنی پارتییە تێكۆشەرەكەتان دەرفەتێكی گرنگ بێت بۆ ئەوەی بە حیكمەتی جەنابتان هەموو كۆشش و هەوڵەكان بخرێنە گەر, لە پێناوی بەدیهێنانی تەواوی ئاوات وێستەكانی گەلەكەمان لە سەرتاسەری وڵاتدا كە هەمووان خەباتی بۆ دەكەین”.
دەقی پەیامەكەی
برای بەرێزم جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی
بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێكۆشەرەوە ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەو لە رێگەی بەرێزیشتانەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم و , بە هیوام پارتییە خەباتگێرەكەتان هەردەم لە پێشكەوتن و سەركەوتن دا بێت لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دا. ئەم یادە مێژوییە هاوكاتە لەگەڵ جەژنی لە دایكبوونیشتاندا، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرمتان پێشكەش دەكەم ، كە لەگەڵ تەمەنی پارتیدا ئێوەش وەك تێكۆشەرو پێشمەرگەو سەركردەیەكی ژیر بەشداریی خەباتی پرشگنداری گەلەكەمانتان كردوە ڕۆڵی دیارو بەرچاوتان هەبووە، ئێستاش لەم قۆناغەدا ئەو رۆڵە لە هەردوو ئاستی كوردستان و عێراقیشدا درێژەی هەیە.
یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغ و هەلومەرجێكی گرنگ و چارەنوس ساز و ناسكدایە كە روی كردۆتە وڵات و ناوچەكەمان ، كە پێویستی بە هەوڵی جدیی و یەكخستنی هەوڵەكانی هەموانە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ یەك بەیەكی پێشهات و روداوەكاندا.
دڵنیام پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزێكی گرنگ لە ئاست ئەم بارودۆخەدا بە گیانێ لێپرسراوانە مامەڵە دەكات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان ، كە دیارە رۆڵی جەنابتان لەو چوارچێوەیەدا دیار و بەرچاوە لە پێناوی گەیاندنی وڵاتەكەمان بە كەنارێكی هێمن و ئارام و دابینكردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیی بۆ كۆمەڵانی خەڵك.
بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەش، بەهێزكردن و قوڵكردنەوەی یەكڕیزی نیشتمانیی و تەبایی و برایەتیی لە نێوان رۆڵەكانی گەل و هێزە سیاسییەكان لە هەر كات گرنگترە، كە ئاشتبونەوەی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسیی و پێكەوە ژیانی بەئاشتیی پێكهاتە جیاجیاكان لە وڵاتێكی دەستوریی فیدراڵیی دیموكراسیی فرەیی ئازاددا زامن و دەستە بەر دەكات .
لە كۆتایی دا هیوادارم یادی دامەزراندنی پارتییە تێكۆشەرەكەتان دەرفەتێكی گرنگ بێت بۆ ئەوەی بە حیكمەتی جەنابتان هەموو كۆشش و هەوڵەكان بخرێنە گەر, لە پێناوی بەدیهێنانی تەواوی ئاوات ویستەكانی گەلەكەمان لە سەرتاسەری وڵات دا كە هەموان خەباتی بۆ دەكەین …
هەر شاد و سەركەوتوو بن
براتان
د.فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆمار