ئیدارەی گەرمیانەوە: دەست لەكار كێشانەوەی قائیمقامی كفری پەیوەندی بە كەمی خزمەت گوزاریەوە نیە
خواكوڕك
ئەمڕۆ 20ی 6ی 2017 قایمقامی كفری بە وەكالەت ” جەلال نوری عبدالقادر ” نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاراستەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان كرد.
لەهەمانكاتیشدا ئیدارەی گەرمیان لەسەر نامەی دەست لەكاركێشانەوەی قایمقامی كفری ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا سێ خاڵی خستووەتە ڕوو كە ئەوانیش :
1. دەقی نوسراوی دەست لەكاركێشانەوەی قایمقام پێش گەیشتنی بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ، لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە ئەوەش مایەی سەرسوڕمانەو پێچەوانەی ڕێوشوێنە ئیدارییەكانە .
2. پێویستە خەڵكی كفری و گەرمیان بزانن هۆكاری وازهێنانی قائیمقامی كفری پەیوەندی بەو پرۆژانەوەنییە كەلەسەر بڕیاری (قوباد تاڵەبانی ) جێگری سەرۆكی حكومەت بەگەڕخراونەتەوە ، بەڵكو پەیوەندی بە داواكاری كەسی و تایبەتیەوە هەیە ، بەجۆرێك قائیمقام داوای كردووە بكرێت بە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ، لە كاتێكدا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەوامی ئاسایی خۆی كردووە و بەردەوامە لە كارەكەی .
3. تەرخانكردنی بوجەی 24 ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی گەرمیان و كەمی بەشی كفری لەو بودجەیە ، هەروەها پشتگوێخستنی فەرمانگەكانی كفری كەلە دەقی نوسراوی دەست لە كاركێشانەوەكەی قائیمقام دا هاتووە ، تۆمەتێكی بێ بنەمایەو چونكە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هیچ پرۆژەیەكی نوێ تەرخان نەكراوە ، بەڵكو ئەوەی هەیە بەگەر خستنی ژمارەیەك پرۆژەی وەستاوە كە پێشتربودجەیان بۆ تەرخان كراوە تێچووەكەی نزیكەی 24 ملیار دینارە ، لە كاتی خۆیشیدا هەموو ووردەكارییەكان دەخەینە ڕوو .