پارتی: لەدوای ریفراندۆمی سەربەخۆی ریفراندۆمێكی تر ئەنجام دەدەین

خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە هەوڵی دروستكردنی چەند كۆمیتەیەكن بۆ سەرخستنی پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان كە وا بڕیارە لە 25ی ئەیلولی ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت, ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئاشكرایدەكات، لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، ریفراندۆمێكی تر بۆ پەسەندكردنی دەستوری هەرێم ئەنجام دەدەین، دەشڵێت: لە دەستوردا سیستمی حوكمڕانیی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك یەكلادەكەینەوە.
نەجات حەسەن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی، راگەیاند:” لەدوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، كە بڕیاردراوە رۆژی 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ریفراندۆم بۆ دەستوری هەرێمیش دەكەین و بەپێی دەستورەكەش، چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت”
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئاشكراشیكرد، لەو دەستورەدا سیستمی حوكمڕانی و چۆنیەتی سەركردایەتیكردنی هەرێم و هەروەها شێوازی رابەرایەتیكردنی گەلی كورد رووندەكرێتەوە، ناشكرێت بەر لەریفراندۆم باس لەو پرسە بكرێت.

لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمەوە، ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی وتی:” بۆچی لەئێستاوە باس لەهەڵبژاردنی داهاتوو بكەین، لەكاتێكدا كە ریفراندۆم و سەربەخۆییمان لەپێشە، لەدوای ئەو پرۆسەیە، دەستور ئامادە دەكرێت و بە ڕاپرسیش پەسەند دەكرێت، ئەگەر پەرلەمانیش تا ئەوكاتە كاراكرایەوە، دەستورەكە پەسەند دەكات”.
ناوبراو هەرچەندە ئامادەیی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نیشاندا، بەڵام ئاماژەی بەوەكرد كە لەئێستادا واقیعەكە بەو جۆرەیەو دەمێنێتەوە سەر داهاتوو، وتی: چونكە لەدوای ریفراندۆم، كۆمەڵێك شتی ترمان لەپێشەو ناكرێت لەئێستادا كە سەربەخۆییمان ڕانەگەیاندووە، باس لەهەڵبژاردن بكەین”.
نەجات حەسەن بۆ حزب و لایەنە سیاسیەكان دەلێت:” بیكەن بەخاتری خوا، كۆمەڵێك خائین و خۆفرۆش لەناو ئێمە دروستبوونە، كلكیان لەگەڵ بێگانەو دوژمن گرێداوە، دەیانەوێت دەستكەوتە گرنگەكانمان بخەنە سەر سینییەك و بۆ دوژمنانی ببەن”.

Back to top button