قوباد تاڵەبانی بۆ یان كۆبیش: هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواكانمان نابین و ریفراندۆم دەكەین
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ 20ی حوزەیرانی 2017، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازیی كرد لە یان كۆبیش، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق, جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند پابەندین بە بەرنامەی چاكسازیەكانمان تا ئەو كاتەی كێشە ئیداری و داراییەكان چارەسەر دەبن و سیاسەتێكی حكومڕانیی دروست بنیات دەنێن.
لە كۆبونەوەكەدا، باس لە پرسی ڕیفراندۆم و ڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی پتەو كردنی پەیوەندیەكان و هەماهەنگی نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و هەرێمی كوردستان كرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە كورد وەك هەموو نەتەوەكانی تری جیهان مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، و وتی ” شۆڕشەكانی گەلی كورد هەموویان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەكانمان بووە و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواكانمان نابین و مافی هیچ كەس و نەتەوەیەك پێشێل ناكەین”.
سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستانیش وتی ” تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەكان وپەنا بردنە بەر گفتوگۆ، بەتایبەت لەم ڕەوشە هەنوكەییە، پێویستە بۆ زاڵ بوون بەسەر گرفتەكان و بەدی هێنانی ئامانجەكانی گەلی كوردستان”.
قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە كە حكومەتی هەرێم پابەندە بە بەرنامەی چاكسازیەكانی تا ئەو كاتەی كێشە ئیداری و داراییەكان چارەسەر دەبن و سیاسەتێكی حكومڕانی درووست بنیات دەنێن.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ستایشی نەتەوە یەكگرتوەكانی كرد لە پای هەڵوێستەكانیان بەرامبەر كورد و داوای لێ كردن زیاتر هاوكار و هەماهەنگ بن.
هەر لە دیدارەكەدا یان كۆبیش نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق، باسی لە گرنگی یەكدەنگی و تەبایی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كرد و وتی ” هیچ گرفتێكی سیاسی نیە، چارەسەری نەبێت لە ڕێی دیالۆكەوە، هیوادارین هەر ناكۆكیەك هەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بێت و كۆدەنگی و یەكدەنگی درووست بكرێت لە نێوان لایەنە سیاسیەكان”.