ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەكرێت
خواكوڕك
پرسی سازدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولی ئەمساڵ زۆرترین كاتی كۆبوونەوەكانی نێوان بەر پرسانی هەرێم و شاندی وڵاتانی دەرەوەی پێدەدرێت, هەر پەیوەست بەم پرسە ئەمڕۆ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان بە بەرپرسانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕاگەیاند، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەكرێت
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رایگەیاندووە،كە ئەمڕۆ پێشوازی لە یان كۆبیچ، نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (UNAMI) و ریكاردۆ رودریگنێر، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر كردووە, چەند پرسێكی گرنگی لەگەڵ تاوتوێكردوون لە نێوانیشیدا پرسی سازدانی ریفراندۆم بووە.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە لە گفتوگۆكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ”بە تێر و تەسەلی“ باسی لە پرسی ڕیفراندۆم و كاروبارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی پۆستەكەیدا زێباری نوسیویەتی : ”جەخت لەوە كرایەوە كە ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت“.