ریفراندۆم تەنیا بۆ سەربەخۆییە
ئازا حەسیب قەرەداخی
پاش تاقیكردنەوی هەموو شێوازەكانی رێكخستنی پیكهاتەكان لەعێراقدا و شكستهێنانی گشتیان بە فیدرالیشەوە، گەلی كوردستان جگە لە سەربەخۆیی بژادەیەكی دیكەی نەماوە بۆ درێژەدان بە مانەوەی سیاسی لە عێراقی هەرگیز بە دەوڵەت نەبوودا.
بۆ سەربەخۆییش گەل كوردستان زۆر رێگەی لەبەردەمدایە. لە ناویاندا پەیڕەكردنی ریفراندۆمی هەڵبژاردووە.
كەواتە ریفراندۆم بۆ بڕیاردانی چارەنووسە. خەڵكی كوردستان بە بەڵێ یان نەخێر وەڵامی یەك پرسیار دەداتەوە. ئایا دەتەوێ كوردستان سەربەخۆ بێ.
بەم مانایە جگە لە سەربەخۆیی ریفراندۆم بۆ تشتێكی تر ناكرێ.
كە سەربەخۆییش بەدیهات، هەمووگەلی كوردستان سەربەخۆ دەبێ بەو هاوڵاتییانەشەوە كە بە نەخێر دەنگیان داوە، یان هەر نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدان.
كە سەربەخۆ بووین هەموو ژیانی سیاسیمان سەربەخۆ دەبێ. تەنیا حزبێك بە جیا لەوانی دی سەربەخۆ نابێ. ئەو حزبانەش سەربەخۆ دەبن كە ئێستا رابەرایەتی گەورەترین و دژوارترین هەڵمەتی دژی سەربەخۆیی دەكەن و هەموو توانا سیاسی و ئیعلامی و رایەڵەكانی پەیوەندییان لەو پێناوەدا خستۆتە گەڕ.
كە كوردستان سەربەخۆ دەبێ، هەموو كایەی ئابووریمان سەربەخۆ دەبێ و دەرگاكانی گەشەكردن بەسەر كوردستان دەكرێنەوە و دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان بۆ برەودان بە بەرژەوەندییاكانیان و دۆزینەوەی هەلی بزاوتی ئابووری، سەرمایەگوزاری و بازرگانی، لە ئێستا زیاتر روو لە كوردستان دەكەن.
كە كوردستان سەربەخۆ بوو، سەروەری سیاسی و سنوور و بڕیار كوردستانی دەبێ بە پلەی ئیمتیاز و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و لەسەر بنەمای رێكەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان رێك دەخرێن نەك لە چوارچێوەی ئەوەی بۆ عێراق دەشێ.
كە كوردستان سەربەخۆ بوو، پەرلەمان یاساكانی لەبەر رۆشنایی دەستوورە كارپێنەكراوەكەی عێراقدا نانووسێتەوە. بەڵكو یاسای كوردستانی پوخت لە بەر رۆشنایی دەستووری كۆماری كوردستاندا دادەڕێژێ و پەسەندی دەكات.
سەرۆك بارزانی بە تەنیا سەربەخۆ نابێ. بەڵكو وەك هاوڵاتییەك لەناو زیاتر لە پێنج ملیۆن هاوڵاتی سەربەخۆدا، سەربەخۆ دەبێ.
وەكوو هەموو هاوڵاتیانی كوردستان كە قوربانی زۆریان داوە و خوێن و فرمێسكی زۆر و زەوەندیان بۆ سەربەخۆیی رشتووە و ئێستا شایستەی ترۆپكی سەربەخۆیین، سەرۆك بارزانیش لە پای ماندووبوونی خۆی لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە پێشمەرگایەتی و بۆ پاداشتدانەوەی هەموو بارزانییەكان و خەباتی نەپساوەی ماڵباتێك كە لە ماوەی زیاتر لە یەك سەدە چەندینجار ئەنفالكراون، بەڵام لە كۆڕی خەبات و بەرخودانی نیشتمانی نەكشاونەتەوە، سەربەخۆ دەبێ.
سەرۆك بارزانی لە پرۆسە و خەباتی سەربەخۆییدا شەرەفی ئەوەی پێ بڕاوە كە لە ریزی هەرە پێشەوەی رابەرایەتی كردنی گەیشتن بە سەربەخۆییدایە. ئەم شەرەفەش لە خۆڕا نەهاتۆتە دی، بەڵكو حیكمەتی لێكگرێدانی مەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان لەگەڵ و جەسارەتی بڕیاردانی سیاسی سەركردایەتیكردنی گەورەترین جەنگ لە دژی دەوڵەتی تیرۆر، دەرفەتی رابەرایەتی بۆ سەرۆك بارزانی خەمڵاندووە. لەم دەرفەتە هەڵكەوتووەشدا خودان بارزانی نەبووینایە، لە پێچەلپێچەكانی ترس و گومان و خۆ بە پچووك و بێتوانازانی و راكردن بە دوای دەستكەوتی مایەپووچدا ون دەبووین.