هێمن هەورامی: سیستەمی فیدراڵی لە عێراق شكەستی هێناوە

خواكوڕك 

میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا لە تورکیا کە هەریەک لە ئەلنور چیڤیک، گەورە ڕاوێژکاری ئەردۆگان، هیشام عەلەوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا و هەمزە جبووری، بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەری نەهرێن، هێمن هەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک بارزانی، رایگەیاند، ساڵی 2003 هیوادار بووین بچینە نێو عێراقێکی نوێ، بەڵام بۆچی ئێمە ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین؟ هیواخوازبووین کە عێراقی نوێ جیاواز بێت لە عێراقی سەدام، لە هەرێمی کوردستانیشدا سەرۆک بارزانی و سەرۆک تاڵەبانی ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێدا هەبووە، ئەو عێراقەی لەسەر چوار فاکتەر دروست کرا، ئەوانیش سەرجەمیان لە دەستووری عێراقدا جێیان کرایەوە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان بۆ دا، دەبووایە هەموو بڕیارەکان بەپێی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە دەربکرێت. خاڵێکی دیکە پەیڕەوکردنی سیستەمی فیدرالیزم، دابەشکردنی دەسەڵات و ڕێککەوتنی سیاسی، لەگەڵ دروستکردنی ڕەوشێک بۆ تەبایی و لێک تێگەیشتن بوو، بەڵام لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا ئەو مۆدێلە تازەیەی عێراق کە باسی لێوە دەکرا، جێبەجێ نەکراـ،

هەروەها هەورامی، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە عێراق، دەستوور و هیچ یەکێک لە ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون و بڕیارەکان بە دوور لە بنەمای فیدرالی دەرکراون. جگە لەوەی بەرپرسیارێتیی کورد لە بەغدا زۆر کەم کراوەتەوە و لە ساڵی 2014ەوە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە، ئاماژەشی بەوە کرد کە هەرچەندە بڕیاری بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان لە لایەن نووری مالیکییەوە دەرکراوە، بەڵام ئیستا کە بەرپرسانی نوێ لە بەغدا دەست بەکار بوون، هێشتا لەسەر بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بەردەوامن”.

هێمن هەورامی گوتیشی: ”ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە دووڕیانێکی هەستیار داین، ئەویش ئەوەیە کە بۆچی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین. پێمانوایە کە کەلتووری دان پێدا نەنانی هەرێمی کوردستان یان بێبەشکردنی کورد وا دەکات کە بە شوێنێک بگەین کە هیچ داهاتووی دیار نییە، بەڵام خۆمان لە زۆربەی مافەکان بێبەش کراوین. ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراسییە و ئەوەیە کە گەل بڕیاری خۆی دەدات، ئێمە لە گەلی خۆمان دەپرسین کە ئاخۆ چ بڕیارێک دەدات؟ ڕیفراندۆم مافێکی سرووشتیی گەلی کوردستانە و هیچ لێکدانەوەیەکی سیاسی بۆ ئەو پرسە بەجێ ناهێڵین، ئەمە پرسێکە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان بڕیاری لێ دەدات، ئەوەشی دووپات کردەوە کە کوردستان هەموو ڕێگەیەکی لەگەڵ حکوومەتی عێراق تاقی کردووەتەوە، بەڵام پەیوەندییەکان ”تەندروست“ نەبوون. ڕاشیگەیاند: ”ئێستا پەیوەندییەکی باش لە نێوان سەرۆک بارزانی و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە و هەماهەنگیی باش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، هەوڵدەدەین گرنگی بەو پەیوەندییە باشە و هەماهەنگییە باشە بدەین. ئەمە پەیوەندی بە داهاتووی ناوچەکەوە هەیە، بۆ ئەوەی بزانین پەیوەندییەکانی داهاتوومان چۆن دەبێت”.

هەروەها هێمن هەورامی گوتیشی” لە 25ی ئەیلوول ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین و بەهیچ شێوەیەک لێی پاشگەز نابینەوە. لە 26ی ئەیلوولەوە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە سەرجەم نوێنەران و پارتەکانەوە، دەست بە گفتوگۆ و دایەلۆگ لەبارەی بڕیارەکەی 25ی ئەیلوولی گەلی کوردستان دەکەن، ئەوەشی نەشاردەوە کە ”بەغدا بە هاوپەیمانێکی ستراتیژیمان دەمێنێتەوە، لە شەڕی داعش و زۆر ڕووی دیکەوە هەماهەنگیمان دەبێت. پشتگیریی بەردەواممان بۆ حەیدەر عەبادی و هێزە عێراقییەکان دەبێت. ڕیفراندۆم تەنیا بۆ هەرێمی کوردستانە و پەیوەندی بە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە نییە و گۆڕانکاری لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق ناکەین. لە ٢٦ ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە فاکتەرێکی ئارام و سەقامگیرە لە ناوچەکە و زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئاوارەی لە خۆوە گرتووە. دەبێت هۆکارێک هەبێت کە خەڵکی ڕوو لە هەرێمەکەمان دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیرین لە عێراق و تەواوی ناوچەکە”.

Back to top button