ئەرسەڵان بایز: هەر یەكێتیەك دژی ریفراندۆم قسە بكات ئه‌وا‌ بۆچوونی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان نییه‌

خواكوڕك 

لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند”ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ مافی چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌مانین، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی له‌گه‌ل ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستانداین، ئه‌گه‌ر لێره‌ و له‌وێیش كادیرێكی یه‌كێتی ره‌خنه‌ یان قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی دیكەدا‌ بكات، ئه‌وا‌ بۆچوونی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان نییه‌، چونكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ میلله‌تی ئێمه‌ خه‌باتی بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی كردووه‌”.

ئەرسەڵان بایز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەشلێـ” یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندایه‌ و به‌م نزیكانه‌ش نوێنه‌ری خۆی بۆ كۆمیته‌ی باڵای ئاماده‌كاریی ریفڕاندۆم دیاری ده‌كات دەڵێ”چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ هه‌ن له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆمەوە گه‌یشتوون به‌ سه‌ربه‌خۆیی، نموونه‌ش زۆرن له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین ئایا عێراق رازییه‌ یاخوود نا، باشه‌ كه‌ته‌لۆنیا داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ ئیسپانیا ده‌كات، ئیسپانیا رازییه‌؟، بێگومان رازی نییه‌. ئێستا سكۆتله‌ندا دووباره‌ هەوڵ‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی لە به‌ریتانیا دەدات و بەریتانیا ده‌ڵێ رازی نین به‌وه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پڕۆسه‌ی ریفڕاندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ده‌نگی میلله‌تی خۆمان ده‌گه‌یێنین به‌ وڵاتانی جیهان، لە ڕێی دەنگی گەلەوە پێیان ده‌ڵێین ئه‌وه‌ بڕیاری خه‌ڵكی ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ به ‌دانوستان له‌گه‌ڵ وڵاتان داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین، پێیان ده‌ڵێین به‌پێی هه‌موو یاساكانی جیهان، گه‌لان مافی خۆیان دیاری ده‌كەن.”

لەبارەی ناردنی نوێنەر بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم لەلایان یەكیتیەوە، ئەرسەڵان بایز دەشلێـ”له‌ دواكۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كراوه‌، یه‌كێتی نوێنه‌ری خۆی بۆ كۆمیته‌ی باڵای ئاماده‌كاریی ریفڕاندۆم دیاری بكات و یه‌كێتی خه‌ریكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێك بۆ كۆمیته‌كه‌ دیاری بكات، واتا‌ یه‌كێتی نوێنه‌ری خۆی دیاری ده‌كات،ئاماژه‌یشی دا به‌ ئه‌نجامدانی ریفڕاندۆم ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌، هەروەها گوتیشی”له‌وانه‌یه‌ له‌ ئێستادا هه‌ڕه‌شه‌مان لێ بكرێت، بەڵام كۆسۆڤا ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامییه‌ له‌ باكووری ئه‌ورووپا، هیچ وڵاتێك رازی نه‌بوو سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێت، کەچی راشیگه‌یاند. ئه‌گه‌ر كورد یه‌كگرتوو بێت و به ‌شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی كاری بۆ بكات، من دڵنیام ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام و مافی خۆمان به‌ ده‌ست دێنین، با چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ نه‌بین عێراق بێت و سه‌رچۆپیمان بۆ بگرێ تا ریفڕاندۆم بكه‌ین، ئێمه‌ دوای چه‌ندین ساڵ بۆچی بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ عێراقێكی فاشیل”.

لەكۆتایشی دا ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشلێـ”ئێمه‌ دۆستمان هه‌ن تا پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، با خه‌ڵكی ئێمه‌ دڵنیا بێت له‌وه‌ی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان به‌و ئاسانییه‌ ده‌ستمان لێبه‌رناده‌ن و ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندیان كه‌وتووته‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ركاتێك هه‌ڕه‌شه‌ بێته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌رگریمان لێ ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌و هه‌موو وڵاتانه‌ چه‌ندین كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنانیان هێناوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و، چه‌ندین کۆنسووڵخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تییان كردووەته‌وه،‌ تازە وەها ئاسان نییه‌ فڕۆكه‌ بێن خاكی ئێمه‌ بۆردوومان بكه‌ن.”

Back to top button