گومان له‌ گیان له‌ده‌ستدانى فه‌قێكه‌ى كه‌لار ده‌كرێت

خواكوڕك
 
رۆژى چوارشه‌مه‌ 14ى 6 ى 2017 له‌قه‌زاى كه‌لارى ناوه‌ندى ئیداره‌ى گه‌رمیان فه‌قییه‌ك به‌ هه‌ڵواسراوى له‌ مزگه‌وتى (سیراج الدین ) له‌لایه‌ن هاوڕێكانیه‌وه‌ دۆزرایه‌وه‌ ، دواى ڕه‌وانه‌كردنى بۆ پزیشكى دادوه‌رى ، ده‌ركه‌وت ئه‌و فه‌قێیه‌ به‌ پشتوێنه‌كه‌ى پشتى هه‌ڵواسراوه‌و دواى سێ كاتژمێر له‌ گیان له‌ ده‌ستدانى پێى زانراوه‌ ، له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ پۆلیس پێشنوێژو وتارخوێنى مزگه‌وته‌كه‌و هه‌شت فێرخوازى ده‌ستگیر كردووه‌ .
 
به‌ ووته‌ى پزیشكى دادوه‌رى كه‌لار ته‌رمى ئه‌و فه‌قێ یه‌ هیچ ئاسه‌وارێكى ئه‌شكه‌نجه‌ى پێوه‌ نه‌بووه‌ ، ئه‌وه‌ى ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌ پشتوێنه‌كه‌ى پشتى خنكێنراوه‌ و دواى سێ كاتژمێر له‌ گیانله‌ ده‌ستدانى براوه‌ته‌ پزیشكى دادوه‌رى كه‌لار .
 
ئه‌و فه‌قێ یه‌ ناوى ( فاروق ناجى ) یه‌ و ته‌مه‌نى (22) ساڵه‌ و دانیشتووى گوندى (حه‌سه‌ن محه‌) یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكورى قه‌زاى كه‌لاره‌وه‌ ، هه‌شت ساڵه‌ وانه‌ى ئاینیى ده‌ڵێته‌وه‌و پێنج ساڵیشه‌ له‌و مزگه‌وته‌دا وانه‌ى فێربوونى مه‌لایه‌تى ده‌خوێنێت .
 
“رائد عه‌لى جه‌مال ” به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى پۆلیسى گه‌رمیان ڕایگه‌یاند ” ته‌رمى ئه‌و فه‌قێ یه‌ به‌ هه‌ڵواسراوى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پۆلیسه‌وه‌ له‌ ناو یه‌كێك له‌ حه‌مامه‌كانى مزگه‌وته‌كه‌دا ده‌رهێنراوه‌و دواتر ڕه‌وانه‌ى دادى پزیشكى كه‌رلا كراوه‌ ، به‌ڵام تائێستا نادیاره‌ ئه‌و هاوڵاتییه‌ خۆى هه‌ڵواسیووه‌ یان هه‌ڵواسراوه‌ ، بۆیه‌ به‌رده‌وامین له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى ڕووداوه‌كه‌ “.
Back to top button