واشنتن تایمز: دەوڵەتی كوردی دەبێتە بە مۆدێڵێكی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
خواكوڕك
بە مانشێتی كۆمەڵێك هۆكار هەن كە پێویست دەكات ئەمریكا پشتیوانی لەو گشتپرسییە بكات, رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمریكا داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەكات خۆی بۆ گشتپرسی باشووری كوردستان ئامادە بكات و، داواشی لێدەكات پشتگیری ئەو دەوڵەتە كوردییە بكات.
رۆژنامەی واشنتن تایمزی ئەمریكی لە گوتارێكی شیكاری لەبارەی گشتپرسی باشووری كوردستان بڵاوكردەوەو نووسیویەتی: “ئەنجامدانی گشتپرسی دەرفەتێكی باشە بۆ بەرەوپیشچوونی مافی ژنان و كەمینە نەتەوە و ئاینییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.” ئاماژە بەوەش دەكات كە لە هەرێمی كوردستاندا جیاوازی نییە لە نێوان رەگەز، ئاینی و، كەمەنەتەوەكاندا و هەمووان بەپێی یاسا یەكسانن.
رۆژنامەكە باس لە هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی دەكات و دەڵێت: “نێچیرڤان بارزانی مافی داوە بە هەموو ئایینەكانی ئەو هەرێمە لە كابینەی حكومەتەكەیدا و نوینەریان هەیە. هەروەها نووسییەتی، 11 كورسی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان هەن و لە هەرێمی وكوردستانیش وەزارەتێك هەیە بۆ ئایینەكان و نوێنەری هەموو ئایینەكان لەو وەزارەتەدا بەشدارن و هەن”.
یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی كە رۆژنامەكە ئاماژەی پێكردووە بوونی رێژەی ژنانە لە پەرلەماندا و نووسیویەتی: “لە ژێر دەسەڵاتی بارزانیدا لەسەدا 25ی ئەندامانی پەرلەمانی دەبێت لە ژنان بێت، ئەمە جگە لە پێدانی پۆستی حكومی بە ژنان لە سەرجەم وەزارەت و كەرتەكانی سەر بە حكومەتدا”.
واشنتن تایمز ئاماژەی بە، نەبوونی جیاوازی رەگەز و ئایینەكانیش لەو هەرێمەدا بە نموونەیەكی سەركەوتوو وەسفدەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەڵێت: “بۆیە دەوڵەتی كوردی دەبێتە بە مۆدێڵێكی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەی ئیسرائیل”.
رۆژنامەكە هۆكارێكی دیكە دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی ئەمریكا پشتیوانی لە دەوڵەتی كوردی بكات و دەڵێت: “كوردستانی سەربەخۆ دەبێتە هۆی راگرتنی پەلهاویشتنی شیعە لە ناوچەكەدا، واشنتن تایمز بەبیری دەسەڵاتدارای ئەمریكی دەهێنێتەوە كە پێویستیان بەوە نابێت هێزی سەربازی بنێرن بۆ ناوچەكە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی شەڕەنگێزییەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەبارەی رێگری و كاردانەوەی توركیا بەرامبەر بە راگەیاندنی دەوڵەتە كوردییەكە، رۆژنامەكە پێیوایە “توركیا لە دژی سەربەخۆیی كوردستان دەبێت، بەڵام كاتێك دەوڵەتەكە لەلایەن بارزانییەوە سەركردایەتی بكرێت، هیچ مەترسییەك بۆ سەر خاكی توركیا دروست ناكات، توركیاش تێدەگات كە مەترسی ئەو دەوڵەتە لە هەڕەشە و مەترسی داعش كەمتر دەبێت لەسەر سنوورەكانیدا”.
رۆژنامە ئەمریكییەكە ئەوەش بەبیردەهێنێتەوە كە بارزانی توانیویەتی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ توركیا دروستبكات لە بواری ئابووری و بازرگانییەوە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لەكاتی سەردانی بارزانی بۆ توركیا بە نیشانەی داننانی توركیا بەهەرێمی كوردستان و ئاڵای كوردستان وەسفدەكات، لە كۆتایی گوتارەكەشیدا واشنتن تایمز نووسیویەتی “بارزانی توانی لە رێگەی بازرگانی و نەوتەوە دووژمنی پێشتری بكات بە هاوبەشی خۆی لە ئابووریدا”.