كوردانی جوو داوای نوێنەرایەتی لە كۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆم دەكەن
خواكوڕك
دوای ئەوەی لە دواهەمین كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكایەتی هەرێم و حزب و لایەنە سیاسیەكان بڕیار درا كە هەموو حزبەكان نوێنەری خۆیان دیاری بكەن بۆ كۆمیتەكانی پەیوەست بە سازدانی ریفراندۆم, لەم چوار چێوەیە نوێنەری كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێ كە بە فەرمی داوایان لە كۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كردووە كە نوێنەریان بۆ پڕۆسەكە هەبێت.
شێرزاد عومەر نوێنەری كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە:”ئێمە وەك كوردانی جولەكە لە هەرێمی كوردستان دەخوازین نوێنەرمان هەبێت لە نێو كۆمیتەكانی پەیوەست بە ئامادەكاری بۆ سازدانی ریفراندۆم بۆیە بە فەرمی داوامان كردووە لە كۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان نوێنەریان هەبێت لەو سۆنگەوەی كە ئەوان دەتوانن دەستیان بە چەند كەناڵێكدا رابگات.
نوێنەری جولەكەكان زیاتر گوتی، ئەگەر نوێنەریان لە كۆمیتەی ریفراندۆم هەبێت ئەوە لای خۆیانەوە لەسەر ئاستی لۆبی جووەكانی وڵاتانەوە كار دەكەن, هەروەها گومانی تێدانیە كە ئێمە پشتگیری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەكەن و داوا دەكەن ئەو جووانەی كە رەگەزنامەی عێراقیان نییە بتوانن دەنگ بە ریفراندۆم بدەن.
شایەنی گوتنە, پێشتریش كۆمەڵەی كوردانی جوو لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم دەربڕی و ئاماژەیان بەوە كرد بوو لە بەرامبەر دووبارە نەبوونەوەی قوربانیدانی كورد و نەمانی بە ژێر دەستەیی، پێوەیستە دەنگ بە “بەڵێ” بدرێت.