مەسرور بارزانی: گەلانی کوردستان بە نیازن بە شێوازێکی دیموکراتیک خواستی خۆیان بە رێگەی ریفراندۆمەوە رابگەێنن

خواكوڕك 

مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی باڵای یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند،گەلانی کوردستان بە نیازن بە شێوازێکی دیموکراتیک خواستی خۆیان بە رێگەی ریفراندۆمەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرا بکەن، ھەرێمی کوردستانیش رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی خواستی ھاووڵاتییانی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/6/2017 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لە شاندێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بە سەرپەرشتیی پاتریک سیمۆنێت باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کۆبووە و کە چەندین باڵیۆز و کۆنسولی وڵاتانی ئەورووپا ئامادەی بوون، دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان لە سەر کرا.

ھەر لەم کۆبوونەویەدا پرسی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان خرایە بەر باس، شاندی ئەورووپی جەختیان لە سەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان ھەولێر وبەغدا کردەوە لە پێناو چارەسەریی گشت کێشەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر. لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە ئەوەدا، کە گەلانی کوردستان بە نیازن بە شێوازێکی دیموکراتیک خواستی خۆیان بە رێگەی ریفراندۆمەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرا بکەن، ھەرێمی کوردستانیش رێگەی گفتوگۆ و دانوستان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی خواستی ھاووڵاتییانی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتیشی کردەوە، کە ھەوڵی فراوانتر دەدرێت، تاکو نیگەرانییەکان لە دەڤەرەکەدا بڕەوێندرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دڵنیا بێت، کە کوردستانێکی سەربەخۆ فاکتەرێکی کاریگەرتر دەبێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی و بەشدارێکی کاراش دەبێت لە پێناو سەقامگیری و ئاشتەوایی لە دەڤەرەکەدا.

Back to top button