ئازاد جوندیانی: مەدرەسەی دژایەتی بارزانی شكستی هێنا
خواكوڕك
بەمەبەستی خوێندنەوە بۆ دۆخی هەنوكەی هەرێمی كوردستان و پرسی سەربەخۆی و ملاملانێكانی نێون حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان,ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان سیمینارێكی بۆ ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندنی یەكێتی (ئازاد جندیانی) ئەنجامدا، كە تێیدا سەبارەت بە پرسی جیابوونەوە و پێكگەیشتنەوە لە ژیانی حزبایەتی كورستاندا دوا.
ئازاد جوندیانی لە میانەی گفتۆگۆكانی لە سمینارێكە دەلێت:” قوتابخانەی ئیبراهیم ئەحمەد بەرانبەر قوتابخانەی بارزانی، ململانێ و ناكۆكی زۆری لێكەوتەوە. بەڵام دواجار ئەو مەدرەسەیە شكستی خوارد و سەرنەكەوت, هەروەها ئێستا قوتابخانەی سلێمانی بۆ سیاسەت گەیشتۆتە كۆتایی خۆی”
هەر لەم چوار چێوەیە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی:” دەكرا مەدرەسەی سلێمانی بە دیاردەی نوێوە و بە دوو چاوی سیاسی (مام جەلال و نەوشیروان موستەفا) بەردەوامی و گەشەی پێدرابا. بەڵام دەبێت بە راشكاوی بڵێم ئەو ئاژاوەی لە سلێمانی هەیە پەلەقاژەی كۆتایی قوتابخانەیەكە.
ئەو ئەندامەی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا دەلێت:” وەك دەزانرێت كە رەوشی ئێستای كوردستان گرنگ و ناسكە, بەڵام جۆرێك لە دابڕان لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا بوونی هەیە، زۆرجار باس لەوە دەكرێت بۆ پەرینەوە بەرەو سەربەخۆیی و ریفراندۆم، پێویستە دەزگا یاساییەكانی وڵات (وەكو پەرلەمان) شەرعییەت بدەن بە پرۆسەكە، بەڵام بەمشێوەیە نیە، چونكە وڵات هەبووە دام و دەزگای شەرعی هەر نەبووە و بەسەربەخۆییشدا تێپەڕبووە. (فیدل كاسترۆ و ماوتسیتۆنگ و خومەینی) و دەیان نمونەی دیكە بە بێ دەزگا شەرعییەكان سەربەخۆیی و شۆرشیان بەرپاكرد. بۆیە دیسكۆرسی بە مەرج زانینی كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی گفتوگۆیەكی بێ كەڵك و زیادە. شەڕی ئێستا سەپاندنی ئیرادە و ململانێی حزبییە نەك شەڕی دیموكراتی و شەرعییەت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لە بارەی بزووتنەوەی گۆڕان جوندیانی دەلێت:”گۆران تووشی شكست و ئاژاوەی نێوخۆیی دەبێت و دەبێت بچنەوە سەر شەقام، چونكە ئەمە تاكە ڕێگەی ناچارانەی ئەو حزبەیە، ئەوكاتە دۆخی سلێمانی بەرەو شڵەژان دەچێت، بۆیە پێویستە بە هەنگاوی خێرا و بە پەلە و لەسەریەك سلێمانی بخرێتە نێو خزمەت و هاوكاریی سەربەخۆیی كوردستانەوە.
هەروەها دەشلێت :” كۆمەلێك گۆڕانگاری لە ماوەی رابردوو روویاندا كە لەم گۆڕانەدا نەوشیروان موستەفا رۆلی بەرچاوی هەبوو، كە پێیوابوو ئەسپی سیاسی نوێی ئەو بە دوو كردار تاو دەدرێت، یەكەمیان: تەفروتوناكردنی تەواوی یەكێتی و دووەمیان : بەربەرەكانیكردنی رەهای بارزانی. ئەمەش مێژووەكەی لە شەستەكانەوە دەستیپێكردبوو، ئەم كێشە قوڵ و ململانێیانەی ئێستا هەن دەرهاویشتەی سەردەمی ئەوكاتن”.