مەحمود سەنگاوی: بۆ ئەوەی میللەتەكەمان لە داگیركاری رزگاری ببێت، سوورین لەسەر ریفراندۆم

خواكوڕك

پرسی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی بە شێوەی جیا جیا لەسەر ئاستی كوردستان پێشوازی لێكرا, وە ئەگەر سەیری هەڵوێستەكانی فەرماندارە سەربازیەكانی پێمەرگە بكەین لە ریزی پێشەوەی ئەوانەن كە بە پەرۆشن بۆ سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە فەماندەی پێشمەرگەیە رایدەگەیەنێت:” ریفراندۆم دەكەین بۆ سەربەخۆیی و ئازادی”.

(مەحمود سەنگاوی) لەمیانەی بەشداری كردنی لە رێوڕەسمێكی تایبەتی ھاوكاری كردنی كەسوكاری شەھیدانی دەستی داعش كە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە لە شاری سلێمانی رێكخرابوو گوتی، “نابێت پێمان وابێت كە دوای شەڕی داعش ئیتر شەڕ نەماوە، دوای ئەو شەڕە دەیان شەڕی تر ھەیە چاوەڕێمان دەكات، ھەروەھا دەیان لا ھەیە كە پێی وایە ئەو ئازادییەی لە كوردستان ھەیە زۆرە و پێی وایە كەمی بكاتەوە”.

لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە وتوویەتی، “سوورین لەسەر ریفراندۆم و چاوەڕوانیش ناكەین ئەمریكا و رووسیا و دنیا بڵێن ریفراندۆم بكەن یان نا، ریفراندۆم دەكەین بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و بۆ ئەوەی میللەتەكەمان لەژێر چەپۆكی داگیركاری رزگاری ببێت و بە ئازادی بژی”.

Back to top button