ڕێككەوتنی یەكێتیو گۆڕان لەدوای نیشتنەوەی تەپوتۆزی ئاهانگەكەوە
هێمن باقر
تەنیا نیشتنەوەی تەپوتۆزی ئاهەنگی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكە بەس بوو بۆ ئەوەی كۆتایی بە كەفوكوڵو شاگەشكەبوون بە ڕێككەوتننامەكەی نێوان یەكێتیو گۆڕان بێت. ئێستا كە هالەی دەوری ڕێككەوتنەكە نەماوەو كەفوكوڵی حەماسەتی لایەنگرانیان نیشتووەتەوە، وردەوردە سیحری ڕێككەوتنەكەش بەتاڵدەبێتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ دەردەكەوێت كە ڕێككەوتنەكە جگە لەسەفقەیك بۆ هەندێكی دەستكەوتی كاتیی جیاواز لەلایەن هەریەكە لەگۆڕانو یەكێتییەوە، ناكرێت ئومێدێكی زیاتری لەسەر هەڵبچنرێت.
كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە هەریەكە لەیەكێتیو گۆڕان لەم ڕێككەوتنەدا هەمان ئامانجیان نییە، بەڵكو دوو ئامانجی جیاوازیان هەیەو هەریەكەیان بەشوێن ئامانجە شاراوەكەی خۆیەوەیەتی. بزوتنەوەی گۆڕان لەو ساتەوەختەدا پێویستی بەو ڕێككەوتنە بوو تا نەوشیروان مستەفا بەدەستی بەتاڵ لەبریتش كەنارەوە نەگەڕێتەوەو مژدەیەكی پێبێت بۆ لایەنگرانی كە دۆخەكە هەروا نامێنێتەوە. كە ڕاستییەكەی ئەوەبوو دۆخەكە وەكو خۆی مایەوەو هیچ گۆرانێكی بەسەردانەهات.
یەكێتی نیشتیمانی بە هالەی دەوری ڕێككەوتنەكەوە چەند ئامانجێكی گرنگی پێكا، لەلایەك بزوتنەوەی گۆڕانی لەجوڵە خست لەسلێمانیو لەلایەكی دیكەشەوە بە پارتیی وت كە دەتوانێت بەبێ ئەویش بمێنێتەوەو سیاسەتبكات. لەهەمان كاتیشدا تاڕادەیەكی زۆر كێشە ناوخۆییەكانی خۆی پێ كپكردەوە.
یەكێتیو گۆڕان كە ماوەی مانگێك بەسەر ڕێككەوتنەكەیاندا تێپەڕیوە، بەواقعی دەركەوت هیچ شتێكیان لەهەگبەدا نییە جگە لەهاشوهووش، هەروەها سیناریۆیەكی ئەوتۆیان پێ نییە كە پارتی ناچاربكات، یان تەرازووی هێز لەكوردستاندا بگۆڕێت. ئەوان پێیانوابوو تەنیا خودی ڕێككەوتنەكە بەسە بۆ ئەوەی پارتی ناچار بە ملدانو پاشەكشە بكەن.
هێشتا پارتی چاوەڕێی ئەوەیە كە یەكێتیو گۆڕان هەنگاوی دوای ئاهەنگەكەیان چییەو چ سیناریۆیەكیان لەهەگبەدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە، كەچی لەماوەی مانگێكدا سەركردایەتیی هاوبەش بەسەرۆكایەتیی عومەری سەید عەلی خەریكی كاتكوشتنو خۆ سەرقاڵكردنن بە ڕوونكردنەوەی ڕێكەوتنەكە بۆ حیزبو ڕێكخراوەكانو كار گەیشتووەتە ئەوەی سەركردایەتییە هاوبەشەكە حەزیانكردووە ڕێككەوتننامەكە بۆ تیپە میللییەكانی سلێمانییش ڕوونبكەنەوە !. ئەگەر بڕیارە ئەم ڕێككەوتننامەیەی یەكێتیو گۆڕان شتێكی پێبێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە، ئەوە ئێستا كاتیەتیو بەیانی درەنگە، چونكە ژیانی خەڵك ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێتو كاریگەریی قەیرانەكە لەسەر ژیانی خەڵك زیاتر دەبێت.
مانەوەی ڕێككەوتنی یەكێتیو گۆڕان بەم شێوەیەی ئێستایو لەتوانا نەبوونی هەنگاوی جەریئانەو یەكلاكەرەوە، بە جۆرێك بتوانێت دەستكاریی هاوكێشەی سیاسیو ئابووریی هەرێم بكات، جگە لەخەڵەتاندنو گاڵتەكردن بە یەكتری، لەهەمان كاتدا ماندووكردنی زیاتری جەماوەرەو هۆكارێكە بۆ درێژەدان بە دۆخی چەقبەستووی هەرێم.
مانەوەی ئەم دۆخە بەم شێوەی ئێستا تەنیا لەقازانجی پارتیدایە، كە بۆ خۆی حاكمی موتڵەقی كوردستانە، بەبێ چاودێریی پەرلەمانو دامەزراوە فەرمییەكان . لانی كەم یەكێتیو گۆڕان گەر بەم دۆخە ڕازی نین، ئەوە كشانەوە لەحكومەتو ڕوخانی كابینە وەزارییە قەیراناوییەكەی نێچیرڤان بارزانیو سەرلەنوێ دروستكردنەوەی حكومەتو پەرلەمان، لەوانەیە بتوانێت گۆڕانكارییەك بهێنێتە ئاراوە، هەڵبەتە ئەگەر بەڕاستی یەكێتی ڕێككەوتننامەی سیاسیی لەگەڵ گۆڕان هەبێت. كە من بۆخۆم بەقووڵی گومانم لێی هەیە.