هۆزە عەرەبەكانی دەشتی نەینەوا پشتگیری ریفراندۆم دەكەن
خواكوڕك
زیاتر لە 28 هۆزی گەورەی عەرەبی دەشتی نەینەوا پشتگیری پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكەن و داواش لە هاووڵاتیانی عەرەبی نیشتەجێی ناوچەكانی سنوری مادەی 140 دەكەن دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی گەلی كورد بۆ سەربەخۆیی هەرێم.
لەوبارەیەوە شێخ موزاحم ئەلحوێت وتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، سەرجەم هۆزە عەرەبەكانی سنوری مادەی 140ی دەستوری عیراق كە بە ناوچە كێشە لەسەرەكان ناودەبرێت، لە ریفراندۆمدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەدەن.
شێخ موزاحم ئەلحوێت وتیشی”بە نوێنەرایەتی هەموو ئەو هۆزە عەرەبانەی دەكەونە دەشتی نەینەوا و سنوری مادەی 140، پشتگیری خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانین سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەبێتەهۆی چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئابورییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا”.
ئەو وتەبێژە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هاووڵاتیانیان چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەكەن لە 25ی ئەیلولی ئەمساڵدا، ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بگۆڕن بۆ ناوچە كوردستانییەكان.
وتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە بە شوێنی پێكەوە ژیانی پێكهاتەكان دەزانێت و دەڵێت “ئێمە لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی گەلی كورد، هەروەك چۆن ئەوان لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی هەزاران ئاوارەی دەستی تیرۆریستانی داعشیان وەرگرت و بەجوانترین شێوە خزمەتیان كردن، بە هەمان شێوە هەر پێشمەرگەیش بوو تەواوی ناوچەكانی ئێمەی لەژێر دەستی داعش رزگار كرد، ئەمانە ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆیی دەخەنە ئەستۆی ئێمە كە پاڵپشتی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بكەین”.
ناوبراو وتیشی “لەسایەی هێزی پێشمەرگە و سیاسەتی مرۆڤ دۆستانەی سەركردایەتی كورد، لە تەواوی سنووری هەرێمی كوردستان هەموو پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەییەكان بە تەبایی دەژین و بەبێ بوونی هیچ كێشەیەك، بۆیە ئێمە وەك هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا پەیامێك بۆ وڵاتانی ناوچەكە دەنێرین كە هەرێمی كوردستان دوای سەربەخۆیی نابێتە هەڕەشە، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەبێتە دەرگایەكی گرنگی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان، لە هەمان كاتیشدا ئەگەر وڵاتانی زڵهێزیی ناوچەكە هەرێمی كوردستان لەو دۆخە چەقبەستووە بهێڵنەوە رەنگە ناوچەكە تووشی چەندین قەیرانی دیكەی نەخوازراو ببێتەوە”.
شێخ موزاحم ئەلحوێت وتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا، یەكڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات دەست لە ناو دەست پشتگیری پڕۆسەكە بكەن، هەموو جیاوازییە سیاسی و بەرژەوەندییە حزبییەكان وەلا بنێن، تاوەكو ئامانجی چەندین ساڵەی خەبات بە فیڕۆ نەچێت و، بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان رۆحی شەهیدان شاد ببێت.