عیرفان كەركووكی: كەركووك بەشێكە لە خاكی كوردستان و توركمانەكانیش دەڵێن بەڵێ بۆ ریفراندۆم
خواكوڕك
لەگەڵ دیاری كردنی وادەی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان, پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بە شێوەی جیا جیا پێشوازی لە سازدانی ئەم پرسە دەكەن, سەرۆكی پارتی گەلی توركمان بە توركمانەكان رادەگەیەنێ كە بەپیر ریفراندۆمەوە بچن و دەنگی بۆ بدەن، چونكە تەنیا بە ریفراندۆم توركمانەكان مافەكانیان بەدی دێ.
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە، بە ئاشكرا دەڵێین كە پارێزگای كەركووك بەشێكە لە خاكی پیرۆزی كوردستان و ئێمەیش هەڵكردنی ئاڵای كوردستانمان لە كەركووك بە رۆژێكی مێژووی دانا، من كە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكم یەكێك بووم لەوانەی دەنگم بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دا، ئەو رۆژەی لە خزمەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشدا بووین لەوێدا زۆر بەڕاشكاوانە باسم لەوە كرد كە ئێمە وەك توركمان لەگەڵ ریفراندۆمین، چونكە ئێمە دەزانین كە نەوەكانی توركمان لە كەركووكدا تەنیا بە ریفراندۆم دەتوانن مافەكانیان بەدی بێ.
سەرۆكی پارتی گەڵی توركمان گوتیشی:” بارەگای سەرەكی ئێمە لە ناو كەركووكە بۆ یە زۆر باش ئاگاداری گەلەكەیانن و لەو باوەڕەیشدابوو كە زۆرینەی توركمان بە بەڵێ دەنگ بە ریفراندۆم دەدات و رۆژانەیش كە خەڵك دێنە بارەگاكانیان بۆیان روون دەكەنەوە كە بەڵی بۆ ریفراندۆم لە بەرژەوەندی داهاتووی گەلی توركمانە.
هەروەها گوتیشی:” لەڕووی كاری بازرگانی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و دیپلۆماسییەوە بەرژەوەندی گەلی توركمان بە هەرێمی كوردستانەوە گرێدراوە، هەڵبەت هۆكاری دیكەی زۆریش هەیە بۆیە شەقامی توركمان دەنگ بە ریفراندۆم دەدات و ئێمەیش بە بەردەوامی داوایان لێ دەكەین كە بەپیر ریفراندۆمەوە بچن.