پارتی:ئومێد ده‌كه‌ین جه‌ژنی ره‌مه‌زان ببێته‌ هۆكاری یه‌كڕیزی و ته‌بایی و خێر و خۆشی یه‌كجاری بۆ گه‌له‌كه‌مان

خواكوڕك

پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان و موسڵمانانی كوردستان كرد، رایده‌گه‌ێنێت”ئاواته‌خوازین ئه‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌، مایه‌ی یه‌كڕیزیی و ته‌بایی و خێروخۆشی یه‌كجاره‌كی بێت بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌تایبه‌تی له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌مڕۆماندا بۆ بنبڕكردنی بیروحه‌زوخولیای توندڕۆیی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گیروگرفته‌كان و قه‌یرانه‌كان و، هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌دیهێنانی مافه‌كانمان و دابینكردنی دوارۆژێكی ئاسووده‌ و به‌خته‌وه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی دوور له‌ ئێش و ئازار بۆ گه‌له‌كه‌مان.

 

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز:-

به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م  موسڵمانانی كوردستان و جیهان ده‌كه‌ین، پیرۆزبایی تایبه‌تمان بۆ كه‌سوكاروخانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان، هه‌روه‌ها هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ سه‌نگه‌ر و به‌ره‌كانی داكۆكی و به‌رگری له‌ خاك و نیشتیمان، هیوادارین هه‌میشه‌ گه‌له‌كه‌مان سه‌رفرازو شادو به‌خته‌وه‌ر بێت، هه‌موو ساڵێك هه‌ر به‌ خێروخۆشی و شادی بۆ هه‌موو لایه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌.

جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز، هه‌ڵگری په‌یامی لێبوورده‌یی و ئاشته‌وایی و خێروبه‌ره‌كه‌ته‌ بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی و موسڵمانان، بۆیه‌ ئومێده‌وارین ئه‌و بۆنه‌یه‌ زیاتر هه‌وێنی پێكه‌وه‌ژیان و پته‌وتركردنی دادپه‌وره‌ری و دابینكردنی سه‌قامگیریی وئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی بێت بۆ  گشت چین و توێژه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌و پێكهاته‌ جیاجیاكانی گه‌له‌كه‌مان.

ئاواته‌خوازین ئه‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌، مایه‌ی یه‌كڕیزیی و ته‌بایی و خێروخۆشی یه‌كجاره‌كی بێت بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌تایبه‌تی له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌مڕۆماندا بۆ بنبڕكردنی بیروحه‌زوخولیای توندڕۆیی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گیروگرفته‌كان و قه‌یرانه‌كان و، هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌دیهێنانی مافه‌كانمان و دابینكردنی دوارۆژێكی ئاسووده‌ و به‌خته‌وه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی دوور له‌ ئێش و ئازار بۆ گه‌له‌كه‌مان.

جارێكی دیكه‌ جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز له‌ هەموو لایه‌ك پیرۆز بێت.

 

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
24/6/2017

Back to top button