قائیمقامی پێشویی چۆمان کۆچی دوای کرد
دوای ئەوەی بەمەبەستی نەخۆشی سەردانی وڵاتی نەمسای کرد بەرە بەیانی ئەمڕۆ عەبدولواحید گوانی سەرۆكی بۆردی ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكران و قائیمقامی پێشووی چۆمان كۆچی دوایی كرد.
د. بێكەس دەروێش، هاوڕێی نزیكی عەبدولواحید گوانی لە ڤیەناوە رایگەیاندووە “بەداخەوە دوای چەند مانگێك ململانێ لە گەڵ نەخۆشیەكەی، شەوی رابردوو 25/6/2017، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ڤیەنای پایتەختی ئۆستریا (نەمسا) عەبدولواحید گوانی كۆچی دوایی كرد”.
د. بێكەس ئەوەشی راگەیاند كە ئێستا خەریكی تەواوكردنی رێوشوێنەكانی گەڕاندنەوەی تەرمەكەین بۆ هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە دوای نیوەڕۆی سێشەممە 27/6/2017 لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بگەڕێندرێتەوە.
عەبدولواحید حوسێن گوانی، لەدایكبووی ساڵی 1967 ی گوندی گوانی سەر بە شارۆچكەی دیانای دەڤەری سۆرانە. دەرچووی كۆلیژی یاسای زانكۆی دیجلەیە.
لە ساڵانی هەشتا یەكێك بووە لە ئەندامانی رێكخستنە نهێنیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی رێكخراوی پێشڕەوانی گەل-ی ئەو حزبە، بەهۆی چالاكییە سیاسیەكانیشی خراوەتە زیندانەكانی حزبی بەعس و ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە.
لە راپەڕینی ئاداری 1991 رۆڵێكی دیاری لە ئازادكردنی ناوچەی سۆران هەبووە و یەكەمین بەڕێوەبەری ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە دەڤەری سۆران و هاوكات ماوەیەك قائیمقامی سۆران بووە.
چەند ساڵێكیش ئەندامی دەستەی كارگێڕی و بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی10ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
ساڵی 1998 ئەندامی دەستەی كارگێڕی ناوەندی رۆشنبیری سۆران بووە. هەمان ساڵ رێكخراوی كۆمەڵەی سۆران بۆ چاودێری پەككەوتووەكان دادەمەزرێنێت. كە لە ماوەی نۆزە ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی زۆری كەمئەندام و خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان لە پڕۆژەكانی سوودمەندبوونە و لە چوارچێوەی هەوڵەكانیشیدا بنكەیەكی تەندروستی و سەنتەرێكی چارەسەری پزیشكی كردۆتەوە، كە تا ئێستا بەردەوامیان هەیە.
چەند ساڵی رابردووش بە هاوكاری چەند ژینگەپارێزێك، پڕۆژەی ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكرانی راگەیاند، كە ئێستا كاری زۆری لەسەر كراوە و خراوەتە سەر نەخشەی جیهانی ناشناڵ پاركەكان.
عەبدولواحید گوانی لە ساڵی 2004 تاكو 2016 قائیمقامی قەزای چۆمان بووە