پارێزەری خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند: شاسوار عەبدولواحید پارەی 10 هەزار خاوەن پشكی خواردووە
خواكوڕك
دوای ئەوەی بۆ چەندین جار خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند لە رێگای تۆماركردنی سكالاو خۆپیشاندان و گردبوونەوە لەبەردەم دەرگای چاڤی لاند داوای مافی یاسایی خۆیانیان كردووە كە خاوەنی چاڤی لاند لێی خواردوون, پارێزەری خاوەن پشكەكانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاندش دەلێت: “بۆ گەڕاندنەوەی مافی ڕەوای 10 هەزار خاوەن پشكی هەموو ڕێگەیەكی یاسایی دەگرینەبەر. گوتیشی: “شاسوار عەبدولواحید، پارەی 10 هەزار خاوەن پشكی داوە بە كەناڵی ئاسمانی، ئێستاش ئامادە نییە ئەو پارەیە بداتەوە بە خاوەن پشكەكان”.
جەمال حەمە ڕەشید، پارێزەری خاوەن پشكەكانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند، لەلێدوانێكدا ڕای گەیاندووە:” سكاڵای یاسایی دژی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا تۆماركراوە و كەیسەكە لای دادگایە ئێستا ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین، بۆئەوەی بزانین دادگا چۆن مافی ئەو خەڵكە هەژارە دەگەڕێنێتەوە، كە ساڵانێكی زۆرە پارەیان بەناوی پشكەوە لێ وەرگیراوە و قازانجیان وەرنەگرتووە. گوتیشی: “خاوەن پشكی چاڤی لاند، چاوەڕێی گەڕانەوەی پارەكانیان دەكەن، هەروەها هیچ كات قبوڵی ناكەن هەروا بە ئاسانی پارەكانیان لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی نالیاوە بوخرێت، هەروەها لە پێناو وەرگرتنی مافی ڕەوای خاوەن پشەكان ئێمە هەموو ڕێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر بۆئەوەی مافەكانیان وەربگرنەوە”.
پارێزەری خاوەن پشكەكانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند گوتیشی: “زیاتر لە 10 هەزار خاوەن پشك نزیكەی 30 ملیار دیناریان داوە بە شاسوار عەبدولواحید، بەناو قازانج لە پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند، بەڵام تائێستا ئەو خەڵكە قازانجێكی وەهایان لەو پڕۆژەیەدا نەكردووە، لەكاتێكدا پڕۆژەكە ساڵانە قازانجێكی ئێجگار زۆر دەكات، دواجار ئەو خەڵكە هەژارەی پشكی لە چاڤی لاند كڕیووە، پارەكەی بۆیە لەو پڕۆژەیە داناوە، بۆئەوەی لە داهاتی پڕۆژەكە خاوەن پشك بڕێك پارە قازانج بكات، جگە لەوەی پڕۆژەكە قازانجێكی زۆری هەیە بەڵام هیچ كەسێك قازانجێكی ئەوتۆی لەو پڕۆژەیە نەكردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: خاوەن پشكەكانی پڕۆژی چاڤی لاند، چاوەڕێی گەڕانەوەی پارەكانیان دەكەن پێیان باشە تەواوی ئەو پارەیە بەشێوەی كاش بەبێ قازانج وەربگرنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئومێدێك نییە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی دراوە بە پشك، هەرچەندە ئێمە پێشتر خۆپیشاندانمان كردووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە خاوەن پشكەكان هیچی لەمافی خۆی خۆش نابێت، هەروەها ئێمەش هەموو ڕێگەیەكی یاسایی دەگرینە بەر بۆ ئەوەی مافی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند بگەڕێتەوە.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەش كرد، خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند، پێیان وایە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا ئەو پارەیەی بۆ شتی دیكە بەكار هێناوە و پارەكەی داوە بە دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی بۆیە ئامادەنییە پارەی خاوەن پشكەكان بداتەوە.