عادڵ نوری: هیچ كات وەك ئێستا دەرفەت بۆ كورد نەرەخساوە كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی بكات
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حزبو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان وادەی سازدانی ریفارندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان دیاری كرا, ئەم هەنگاوەی سەركردایەتی سیاسی كوردستا بە شێوەی جیاواز خوێندنەوەی بۆ كرا, بە جۆرَك كە ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت كە هیچ كات دەرفەتی بەم شێوەیە بۆ كورد نەهاتۆتە پێش.
عادل نوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشكی كورد رای گەیاندووە:” هیچ كات وادەیەكی بەم شێوەیەی ئێستا بۆ كورد نەهاتووەتە پێشەوە. دوای داعش كە پێشمەرگە گورزی گورچكبڕی لە داعش دا، ئێستا هێزی پێشمەرگەمان هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە سنوور و خاك و خەڵكی كوردستان، ئەوە وای كرد كە رایەكی گشتی و نێودەوڵەتی دروست بكات كە كوردەكان نەك دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بكەن، بەڵكوو دەتوانن پارێزگاری لە عێراق و خەڵكی دیكەش بكەن. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە رەنگە لە 100 ساڵی رابردوودا دەرفەتێكی لەو شێوەیە بۆ ئێمە نەڕەخسابێت، لەبەرئەوە ئێستا ئەو دەرفەتە لەبارە و نابێت بەدیار عێراقەوە دابنیشین كە كەی ئەو مافە بە خەڵكی كوردستان دەدات ببین بە خاوەنی دەوڵەت، عێراق نەك هەر ئەو مافە بە ئێمە نادات، بگرە ئەوەی بۆی بكرێت رێگریش لە دروستبوونی ئەو دەوڵەتە دەكات، ئەوە بۆ توركیا و ئێران و سووریا و هەندێ وڵاتی دیكەش راستە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند:” ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان مافێكی شەرعی و یاسایی خەڵكی كوردستانە و هیچ نەتەوەیەك لە دونیادا نەماوە پەنجا ملیۆن كەس بێت و دەوڵەتی نەبێت، هەموو میللەتانی زۆر كەمتر لە ئێمە زۆر دەمێكە خاوەنی سنوور و ئاڵا و سیادەی خۆیانن، ئێمەش وەكو گەلی كوردستان لەدوای رێككەوتنی سایكس بیكۆوە شەڕی خۆمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەین و لەگەڵ هەموو حكوومەتە یەك لە دواییەكانی عێراق خەباتمان لەو پێناوەدا كردووە، لەبەرئەوە ئێستا كە قۆناغەكە گەیشتووەتە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، ئەوە ئەركی هەر تاكێكی كوردە ئەو خەباتەی رابردووی باو و باپیرانی لەبیر نەكات و پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات، هەر كەس و لایەنێك لە دژی سەبەخۆیی بوەستێتەوە ئەوە ئینتحاری سیاسی و ئەخلاقی دەكات.
لەكۆتایی قسەكانیدا عادل نوری گوتیشی:” هەموو ئەزموونێك لەگەڵ ئەو وڵاتە و حكوومەتەكانی تاقی كراوەتەوە، تەنانەت ئەو ماددانەی لە دەستووریش جێگیر كران نەبوونە هۆی ئەوەی ئەو حكوومەت و وڵاتە بێن مافەكانی كورد بدەن، ئەوە ماددەی 140 كە دەبوو لە 2007 جێبەجێ بكرایە، ئێستا 2017یە، جگە لەوە عێراق نەك هەر ماددە دەستوورییەكانی جێبەجێ نەكرد، بەڵكوو هات قووتی خەڵكی كوردستانیشی بڕی، ئێستاش كە كەركووك و زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكان بە دەستی كوردەوەیە، ئاڵای كوردستان لە كەركووك هەڵكراوە و پێشمەرگە ئەو ناوچانە دەپارێزێ، ئەوا پێویستە ئەو ناوچانە بەتەواوی هەرێمی كوردستانەوە لە چوارچێوەیەكی یاسایی و شەرعیدا لە دەوڵەتێكی سەربەخۆدا رێك بخەین، چونكە هەر كات عێراق بەهێز بێتەوە ئەوە دووبارە كێشە و ململانێ بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە.