پەرلەمانتارێكی سوننە: ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی حكوومی و جەماوەریی خەڵكی كوردستانە
خواكوڕك
پرسی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە بە جۆرێك چەند بەر پرسێكی عێراقی دژایەتیان بۆ ئەم پرسە راگەیاند, لە بەرامبەردا چەند بەر پرسێك ئەم هەنگاوەی هەرێمی كوردستان بە مافی میللەتی كورد دەزانن, ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رایدەگەیەنێت:” ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی حكوومی و جەماوەریی خەڵكی كوردستانە”
محاسن حەمدون، پەرلەمانتاری مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند:” ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی حكوومی و جەماوەریی خەڵكی كوردستانە و مافێكی سروشتی و ئاساییە ئەنجام بدرێت، ئێمە لە لیستەكەماندا هیچ بەیانێكمان لە دژی ئەو ریفراندۆمە دەرنەكردووە“.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتیشی: ”گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدایە، بەپێی دەستوور مافی ئەوەی هەیە بە ئاشتییانە و لە رێگەی گفتوگۆ چارەنووسی خۆی دیاری بكات، دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق لەوە تێ بگەن كە خەڵكی كوردستان قەناعەتیان بە ئەنجامدانی ریفراندۆم هەیە و دەبێت رێزیان لێ بگیرێت.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردەوە، لە هەموو عێراقدا كێشە و گرفتی گەورەی سیاسی و ئابووری هەیە و شەراكەتی راستەقینە نەماوە، گوتیشی: ”كێشەی راستەقینەی دارایی و بژێویی ژیانی خەڵك هەیە و لایەنە سیاسییەكانیش كێشە و گرفتی زۆریان هەیە و شەراكەتی راستەقینە نەماوە و بەشێك لە دەسەڵاتدارانی شیعەش دەیانەوێت دەست بەسەر هەموو عێراقدا بگرن“.
حەمدون ئاشكرای كرد، بەشێكی زۆری ئاوارە كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بەشداریی ریفراندۆمی ئەیلوول دەكەن، دەشڵێ: ”زۆر خێزان هەیە بڕیاریان داوە لە كوردستان نیشتەجێ بن، بۆیە بەشداریی ریفراندۆم دەكەن و بەشی زۆرینەشیان بڕیاریان داوە دەنگ بە (بەڵێ) بدەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوەش مافێكی ئاسایی خۆیانە پیادەی بكەن“.