بەڤیدیۆ: ڤیان دەخیل ژنێكی ئێزدی گۆشتی منداڵە یەك ساڵانەییەكەی خۆی خواردووە
خواكوڕك
ڤیان دەخیل، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێكسترا نیوزی میسری، باس لەو كارەساتە دەكات كە بەسەر كوردانی ئێزدیدا هاتووە و دەڵێت: “تا ئێستاش ئەو پرسیارە دەكەین، كە بۆچی داعشی دڕندە ئەو كارەساتەیان بەسەر ئێمەدا هێنا”.
ڤیان دەخیل بە گریانەوە باس لە چیرۆكی ژنێكی رزگاربووی دەستی داعش دەكات و دەڵێت: “ژنەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بۆ ماوەی 3 رۆژ لە ژوورێك بەندكرابوو، بەبێ ئەوەی خواردن و ئاو و هیچ شتێكی بدرێتی، دواتر خواردنی بۆ هێنابوو، كە برنج و گۆشت بووە، دوای ئەوەی ژنەكە خواردوویەتی، پێیانگوتووە: ئەوە گۆشتی كوڕە یەك ساڵانەكەت بووە”.
لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەدا ڤیان دەخیل ئاماژە بەوە دەكات، تراژیدیای كوردانی ئێزدی كۆتایی نایەت، هەروەها باس لە رووداوێكی دیكە دەكات، كە چەكدارانی داعش دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر كچێكی تەمەن 10 ساڵ بە بەرچاوی كەسوكارەكەی و دواتریش بەهۆی ئەو دەستدرێژیكردنە گیانی لەدەستدا.
ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شەنگال مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2015 بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و 7 هەزار 500 پێشمەرگە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان دەستی پێكرد و تەواوی قەزاكە بە ماوەیەكی كەم كۆنتڕۆڵ كرایەوە و ئاڵای كوردستان لەسەر باڵاخانەی سایلۆی شنگال هەڵكرا.
دواتریش مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەسەر چیای شنگال پەیامی سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكەی راگەیاند و بەڵێنی بە پارێزگاكردنی شنگالیشی بە كوردانی ئێزدی دا.