هیچ كات خۆت له‌ خواردنی فاسۆلیا بێ به‌ش مه‌كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوده‌كانی له‌ هه‌ژمار نایه‌ن بۆ له‌شی مرۆڤ

خواكوڕك

فاسولیان یه‌كێكه‌ له‌ خۆراكه‌ رووه‌كیه‌كان و به‌شێكی زۆری مرۆڤ به‌كاری ده‌هێنێت بۆ خواردن و وه‌ك زانراوه‌ و به‌ پێی چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی گرنگی زانستی فاسۆلیا به‌رهه‌مێكی رووه‌كی نایابه‌ و سودی زۆره‌.

فاسۆلیا سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتینە. ٩٠ گرام لە فاسۆلیا نزیکەی ٧،٩ گرام پرۆتینی تێدایە، بەڵام تەنها ٣ گرام چەوری تێدایەو ٣،٣ گرام ڕیشاڵی خۆراکی و ٥٥ مایکرۆگرام لە ڤیتامین بی ٢، و ١٢٩ مایکرۆگرام لە فۆڵەیت و ١٠٣ میلیگرام کالسیۆم و ٧،٩٣ میلیگرام لە تۆتیاو ٢،٢٥ میلیگرام ئاسنی تێدایە. سەرەڕای ئەمانەش سەرچاوەیەکی باشی پۆتاسیۆمیشە. فاسۆلیا جێگرەوەیەکی باشی گۆشتە، چونکە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و تۆتیاو ئاسن کە لە گۆشتی سوورو سپی و ماسیدا هەیە. پتر لەوە چەوری زۆر کەم تێدایەو ئەمەش وادەکات خواردنێکی زۆر باش بێت بۆ دڵ. فاسۆلیا سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڕیشاڵی خۆراکییە، ٩٠ گرام لە فاسۆلیا %٣٨ی پێویستی لەش لە ڕیشاڵە خۆراکییەکان دابین دەکات. بوونی ئەم ڕیشاڵانەش جوڵەی ڕیخۆڵەکان چالاکتر دەکات و قەبزی کەمدەکاتەوە.

هەروەها هەرس کردنی خۆراک دوا دەخات بەمەش کۆنترۆڵی برسێتی دەکات و دژ بە قەڵەوبوونە. پتر لەوە یەکێکە لە باشترین خۆراکەکان بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە فاسۆلیا سەرچاوەیەکی باشی کانزاو فیتامینیشە، ماگنسیۆم و پۆتاسیۆمی تێدایە کە کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێن دەکەن، فۆسفۆرو کالسیۆم کە ئێسکەکانمان بەهێز دەکەن، فۆڵەیتیش زۆر گرنگە بۆ دروست کردنی خڕۆکەکانی خوێن. باشتر وایە لەگەڵ فاسۆلیادا برنجی قاوەیی بخۆن وەک لە برنجی سپی، چونکە برنجی سپی بە تەواوی سروشتی نییەو کاتێک کە ئامادە دەکرێت هەندێک لە پێکهاتە خۆراکییە گرنگەکانی لە دەست دەدات وەک ئاسن وڤیتامین بی و ئەو ڕیشالە خۆراکییانەی تێیدایە.سەرەڕای ئەوەش زۆر گرنگر برنجەکە چەور نەبێت و خوێی کەم بێ چونکە نابێ لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ١٥٠٠ میلیگرام خوێ بخۆن. فاسۆلیا بە سروشتی خوێی تێدا نییە بەڵام ئەگەر فاسۆلیای لە قتوونراوتان کڕی پێوسیتە ئەوە بکڕن کە کەمترین ڕێژەی خوێی تێدایە.

Back to top button