هه‌نجیر یه‌كێكه‌ له‌و میوه‌ گرنگانه‌ی خودای گه‌وره‌ ناوی هێناوه‌ له‌ قورئان و سودی گه‌لێك زۆره‌

خواكوڕك

ئەو میوەیەیە کە لە وڵاتانی باشووری رۆژئاوای ئاسیا و وڵاتانی سەر بە دەریای ناوەڕاست ( لە ئه‌فغانستان تا پورتوگال). درەختی ھەنجیربەرزییەکەی لە (٥م)ەوە تا (٩-١٠م) گەشە دەکات. ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە ، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت ، ھەنجیر لە خێزانی تووەکانە ، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە ڕووی خواردنەوە، تا بە تەواوی بێ نەگات ناخورێت ، خوای گەورە سورەتێکی بە ناوی ھەنجیر لە قورئانی پیرۆز دا ناردووە ، سوێند خواردنی خودای گەورە بەم میوەیە، گرنگی دانە بە سوودەکانی ئەو میوەیە و زەیتون.

بۆیە ھەرچەندە بە دوایدا بچیت، ڕوونتر دەبێتەوە کە سوودێکی یەکجار زۆری وەک خواردنی بۆ مرۆڤ ھەیە . ھەنجیر لەسەرتاسەری کوردستان دا ھەیە، وەک ھەندێ سەرچاوە ئاماژەی پێ دەکەن نیشتیمانەکەی کوردستان و وڵاتانی دەورووبەرە، ھەنجیر لە ھەموو وڵاتانی جیھان دا چاندراوە و باوە . بەڵام ئەو ناوچە و وڵاتانەی زستانیان فێنکە ، بە شێوەیەکی گشتی پتر گەشەی لێ دەکات چونکە ئەو شوێنانەی بەستەڵەکیان ھەیە، درەختی ھەنجیر تووشی وشک بوون و لەناوچوون دەکات.

ھەندێ جۆری ھەیە لە قەد شاخەکان گەشە دەکات ، لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستانی گەورە چاندراوە، ھەروەھا لە وڵاتانی دەوروبەری کوردستان بە ڕووبەری فراوان ڕوێندراوە بە تایبەتی لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی وەک سووریا و ئەردەن و شوێنەکانی دیکە . بە درێژایی ئەو ساڵانەی دوایی خوارووی عەرەبەستانی سعوودی بڕێکی زۆری بەروبوومی ھەنجیر بەرھەم دەھێنێت، دەتوانین بڵێین تێرای بازاڕەکانیان دەکات .

دیارە لە کوردستانیش وەک سەرچاوەیەکی داھاتی جووتیاران سوودێکی زۆری لێ وەردەگیرێت ، توانیویانە وەک پیشەسازی کشتوکاڵ جۆرەکانی ھەنجیری وشک و دروستکردن مرەبا بەکاری بھێنن لە ناو قوتووی نایلۆن بە شێوەیەکی بازرگانی زۆر جوان و خاوێن ڕەوانی بازاڕەکانی وڵاتانی دەرەوە بکرێت ، بەڵام لە باشووری کوردستان ، بەشی زۆری لە کاتی پێ گەیشتنی وەک بە تەڕی لە سنوورێکی زۆر تەسک وشک دەکرێتەوە ، وەک لەتکە ھەنجیر و داوە ھەنجیر و نانی ھەنجیر ، لە وەرزی زستان دا دەخرێتە بازاڕەوە، ھەنجیر زۆر جۆری ھەیە لە ڕووی تام و ڕەنگ و کاتی پێگەیشتنی ، لەوانە زەردە ھەنجیر ، ڕەشە ھەنجیر ، ھەنجیری مۆر، سپییە ھەنجیر ، سەوزە ھەنجیر ، لە ڕووی قەبارەوە نێرە ھەنجیر پێش ھەموو جۆرێکە.

له‌ هه‌مانكاتدا توێژینەوەکان دەریان خستووە کە ھەنجیر چەندین سوودی ھەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ ھەروەھا لە چەندین نەخۆشی دەمانپارێزێت، بەھۆی بوونی بڕێکی باش لە ڕیشاڵی خۆراکی تێدا کرداری ھەرسکردن ئاسان دەکات و بڕێکی زۆر ڤیتامینی تێدایە،ھەروەھا چارەسەری نەخۆشییەکانی سوری خوێن و خوێنبەرەکان و مایەسیری دەکات ، ھەندێک لە توێژینەوەکانیش ڕایانگەیاندووە کە ھەنجیر کۆڵسترۆڵ و چەوری خوێن دادەبەزێنێت.

پسپۆڕان ئەوەشیان خستۆتەڕوو کە ھەنجیر ڕۆڵی ھەیە لە پاراستنی پێست لە توشبوون بە ھەستیاری.

Back to top button