ئەندامێكی كۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆم هۆكاری دواخستنی كۆبونەوەی ئامادەكاری ریفراندۆم ئاشكرا دەكات
خواكوڕك
دوای ئەوەی 7ی6ی 2017 كۆبوونەوەی فراوانی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم بەرێوە چوو تێدا بڕیاردرا لە 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی ئەنجام بدرێت, بۆ ئەم مەبەستە لەسەر جەم حزبەكان كۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆم پێكهێنراوە بەڵام تا ئێستا كۆنەبوونەتەوە ئەندامێكی كۆمیتەكەش هۆكاری كۆنەبونەوەیان ئاشكرا دەكات.
عەبدوڵڵا وەرتی: ئەندامێكی كۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆم لە سەر پشكی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان،سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و بەدەنگەوەهاتنی لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بۆ ئەو پرسە گرنگە، دەڵێت” ئەم پرسە پێویستی بە هەلوێستی گشتگیر و نەتەوەیی هەیە, چونكە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی مێژوویی و گرنگبوو و پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانیش یەك دەنگ و یەك رەنگ بن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە
ئەوئەندامەی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان و هاوكات ئەندامی كۆمیتەی ئامادەكاری ریفراندۆم، رایگەیاند:” پێدەچێت دواخستنی كۆبونەوەی كۆمیتەی ریفراندۆم بۆ ئەوە بێت تا هەوڵەكان بگەن بە ئەنجام بۆ رازیكردنی ( بزووتنەوەی گۆران و كۆمەڵی ئیسلامی)، بۆ ئەوەی پشكداربن لە كۆمیتەكە و كۆتایهاتن بە كێشە سیاسی و ناوخۆییەكانی كوردستان، بەتایبەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان ، چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی تر، بە بروای ئێمەش ئەم پرسە پێویستی بە هەلوێستی گشتگیر و نەتەوەیی هەیە، بۆ ئەوەی بە دەنگێكی باش ریفراندۆم بەڵێ بەدەستبهێنێت و ببێت بە بەڵگەیەكی بەهێز بۆ دونیایی دەرەوە و بەغداش، وڵاتانی دراوسێش بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی.