بالیۆزی پێشووی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان: كورد بۆ دامەزراندنی كوردستانێكی گەورەتر شەڕی داعش دەكەن

خواكوڕك
ئەگەرچی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حزب ولایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان وادەیەكیان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان دیاری كردووە, بەر پرسێكی باڵای ئەمریكا رایدەگەیەنێت كە كوردە عێراقییەكان بە حوكمی دیفاكتۆ (ئەمری واقیع)، خەریكە سەربەخۆیی وەردەگرن و ئەوان نزیكن لەوەی سەربەخۆییەكەی خۆیان بەگوێرەی یاسا رابگەیێنن.

لە بابەتێكدا كە لە رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویكردووەتەوە، جۆن بۆڵتن نووسیویەتی: دەبێت ئەمریكا دەست لە پشتگیریی سەربازیی حكومەتی ئێستای عێراق هەڵگرێت، یان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكاتەوە. ئاماژەی بەوەش كردووە كە وێڕای مانەوەی پەیوەندیی لاوازی نێوان كورد و عەرەبە سوننە و شیعەكان، بەڵام بەغدای پایتەخت لەلایەن شیعە لایەنگرەكانی ئێرانەوە كۆنترۆڵكراوە.

بۆڵتن عێراقی ئەمڕۆی بە ئەوروپای رۆژهەڵات لە كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوودا چوواندووە، كە مۆسكۆ بەتووندی كۆنترۆڵی كردبوو. فراوانكردنی دەسەڵات و هەژموونی سیاسی و سەربازی بەغدا لەسەر ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش دەریهێناون، تەنها هێزی ئێران زیاتر دەكات، ئەوەش بەگوتەی بۆڵتن لە بەرژەوەندی ئەمریكادا نییە.

بۆڵتن رایگەیاندووە: كوردە عێراقییەكان بە حوكمی دیفاكتۆ (ئەمری واقیع)، خەریكە سەربەخۆیی وەردەگرن و ئەوان نزیكن لەوەی سەربەخۆییەكەی خۆیان بەگوێرەی یاسا رابگەیێنن. جەختی لەوەش كردووەتەوە كە كورد دژی داعش شەڕ دەكەن بەمەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ دامەزراندنی كوردستانێكی گەورەتر.

بەبۆچوونی جۆن بۆڵتن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێویستی بە دانانی ستراتیجێكی تایبەت بە قۆناخی دوای داعش هەیە، بەجۆرێك دۆخەكە بە سوودی ئەمریكا بشكێتەوە نەك رووسیا و ئێران. بەپێویستیشی دەزانێت ئەمریكا ئەوە بزانێت یان دان بەوەدا بنێت كە هەردوو وڵاتی رووسیا و ئێران وڵاتی نەیارن و عێراقیش بەم شێوازەی ئێستایەوە هاوڕێ و هاوپەیمانی واشنتن نییە.

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرنج دەخاتە سەر پێشڤەچوونی رووداوەكان لە سووریا و دەڵێت چەند بەڵگەیەك هەن پیشانیدەدەن حكومەتی ئەسەد لەوانەیە سەرقاڵی دانانی پلانێك بێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی نوێ بە چەكی كیمیایی.

ئاماژەی بەوەش كردووە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا چەند هێزێكیان لە سووریا بۆردوومانكردوون كە هەڕەشەیان لە هاوپەیمانانی ئەمریكا (هێزەكانی سووریای دیموكرات بەسەرپەرشتی یەپەگە) كردبوو، لە هێرشەكانیشدا فڕۆكەیەكی جەنگی سووریا و درۆنزێكی دەستكردی ئێرانییان خستبوونە خوارەوە.

بۆڵتن لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی لەنێوان رووسیا و ئەمریكا هۆشداری داوە. نووسیویەتیشی: هێرشی خاوی هاوپەمانان بۆسەر داعش خەریكە كۆتاییدێت، بەڵام بابەتە ستراتیجییە سەرەكییەكان هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە و كێشەكە لە تەكتیكدا نییە، بەڵام لە نەبوونی بیركردنەوەی ستراتیجی ئەمریكادایە سەبارەت بە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قۆناخی دوای داعش.

ناوبراو باسی لەوە كردووە كە تێكشكاندنی داعش بۆشاییەكی سیاسی و ئیقلیمی لە رۆژهەڵاتی نێوڕاست جێدەهێڵێت و دەبێت بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە، بەگوتەی بۆڵتن لەبری ئەوەی هەڵەكانی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دووبارەبكرێنەوە، پێویستە ئیدارەی ترەمپ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكات تاوەكو سەركەوتنی گۆڕەپانەكانی شەڕ بەفێڕۆ نەڕوات.

بۆڵتن ئاماژەی بە تێڕوانینی كوردانی عێراق و سووریا بەرامبەر ئەمریكا كردووە و نووسیویەتی: تێڕوانینی ئەوان هەماهەنگ نییە یان جیاوازە. جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە هەموو كورد تێڕوانینی ئەرێنییان بەرامبەر ئەمریكا نییە.

ئەو داوای لە حكومەتی واشنتن كردووە بە دیدێكی روون و ئاشكرا بڕوانێتە دەستوەردانی رووسیا لە سووریا، كە لەسەر لێواری سەرهەڵدانی پێكدادانی سەربازیی لەنێوان رووسیا و ئەمریكادایە.

بۆڵتن پرسیاری كردووە: بۆچی رووسیا لە سووریا چالاكە؟ چونكە ئەو پشتگیری لە هاوپەیمانەكانی دەكات كە بەشار ئەسەد و ئایەتوڵڵا ئێرانییەكانن.

بەڕای بۆڵتن، ناكرێت چاوپۆشی لەو راستییە بكرێت كە رووسیا لە لایەنە هەڵەكەی سووریادا وەستاوە، بەڵام لەبەرامبەریشدا ئۆباماش نابینابوو و پێیوابوو واشنتن و مۆسكۆ هاوبەشن لە ئاسانكردنی پرۆسەی دەرهێنانی ئەسەد لە دەسەڵاتەكەی. بەپێویستیشی دەزانێت ئیدارەی ترەمپ تیشك بخاتە سەر یەك ئامانج كە ئەویش پووچەڵكردنی دەستكەوتەكانی رووسیا و ئێرانە.

بۆڵتن دەڵێت: هەوڵی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەكەدا لە عێراقەوە بەرەو سووریا و لوبنان، لەوانەیە ئاگرخۆشكەر بێت بۆ ئەگەری ململانێی ناوچەكە كە خۆی لە هاوپەیمانیی شیعی ئێرانی دژ بە هاوپەیمانی سوننەكان بەسەرۆكایەتیی سعودیە دەبینێتەوە و، پێویستە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی كۆسپ لەبەردەم خواست و خەونی ئێران لە قۆناخی دوای هەرەسهێنانی داعش دابنێت.

ئەو بەپێویستی دەزانێت هێز و هاوكاریی دارایی زیاتر و بە بڕێكی زۆر لەلایەن حكومەتە عەرەبی و ئیقلیمییەكان دابین بكرێت، وێڕای بوونی بابەتی دژ بە یەك لەنێوان قەتەر و سعودیە، بۆڵتن دەڵێت: لەماوەی رابردوودا ئەمریكا ئەو بۆشاییەی بەهەڵە لەلایەن هێزە عێراقی و میلیشیا شیعەكان پڕكردەوە.

بۆڵتن دەڵێت: ئەمریكا بەهەڵە وایدەزانی سوننەكانی عێراق بە حكومەتێك رازی دەبن كە لەلایەن شیعەكانەوە فەرمانڕەوایەتی بكرێت، یان لە سووریا لەلایەن عەلەوییەكانەوە سەرۆكایەتی بكرێت. هەروەها دەڵێت: حكومەتی ئێستای عێراق و سووریا ئەگەر سنوورە لەدەستڕۆیشتووەكانیان بگەڕێننەوە، ئەوا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و ململانێكان لە داهاتوودا زیاتر دەكات.

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشتر پێشنیازی دامەزراندنی دەوڵەتێكی نوێی عەلمانی بە دیمۆگرافیای سوننی كردبوو لە ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریا، ئێستاش دەڵێت رەنگە پێشنیازی دیكەش هەبن، بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەو سنوورانەی ئەوروپییەكان لە 100 ساڵی رابردوودا (رێككەوتننامەی سایكس – پیكۆ) كێشاویانن پێناچێت یەكێك بێت لەو پێشنیازانە.

بۆڵتن بەباشی دەزانێت ئەمریكا دەست بە سڕینەوەی رووسەكان و هەژموونیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بكات. ئاماژەی بەوەش كردووە، دەستوەردانی رووسیا بەهاوكاری ئەسەد و مەلاكانی ئێران، بەشێوەیەكی مەترسیدار هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و هاوڕێ عەرەبەكانیان لە سەرانسەری ناوچەكە دەكات.

ئەو دەشڵێت: ئەگەر دەستتێوەردانی رووسیا و ئێران نەبووایە، ئەوا كەوتنی ئەسەد لە سەتا سەت بوو، بەڵام تاران و رژێمی ئەسەد هێشتا بەردەوامن لە پشتگیریكردنی تیرۆر و لەژێر چەتری بەرگریی رووسیادا بەردەوامن لە ئەنجامدانی كردەوە تووندوتیژییەكانیان.

لە كۆتایی بابەتەكەیدا بۆڵتن نووسیویەتی: رووداوەكانی سووریا و عێراق هێزە ئەمریكییەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی هەڵكشاوی ناوچەكەوە، نابێت واشنتن لە دانوستاندنەكانی كەمكردنەوەی هەڵكشانەكان یان گفتوگۆكانی تایبەت بە یاساكانی پێكدادانەكان لەگەڵ رووسەكان خۆی سەرقاڵ بكات و دواجار ونببێت.

لەبری ئەوە بەپێویستی دەزانێت ئیدارەی ترەمپ جارێكی دیكە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش كە سەركردایەتی دەكات، بەجۆرێك دابڕێژێتەوە لەگەڵ تێكشكاندنی رێكخراوەكە دۆخەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبێنێت، نەك لە بەرژەوەندی رووسیا یان ئێران.

Back to top button