فازڵ بەشارەتی‌: خەتاباركردنی پارتی لەلای خەڵك هیچ بایەخێكی نەماوە

خواكوڕك

ئەگەر چی حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەڵەبجە تا ئێستا نەیانتوانیوە كێشەی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگایهەڵەبجە لەم پارێزگایە یەكلا بكەنەوە كە نزیك بە دوو ساڵە بڕیاری بە پارێزگا بوونی بۆ دەرچووە كە زۆركات پارتی وەك هۆكاری دواخستنی پێكهَنانەكە چاوی لێدەكرێت, لە وەڵامدا بەر پرسێكی پارتی لە هەلەبجە رایدەگەیەنێت:” ئەگەر كێشەی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستە ئیدارییەكان تەنیا لە سنووری هەڵەبجە بوایە، ئەوە خەتاكەی پارتی بوو. بەڵام خۆ یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی و ڕانیە و قەڵادزێ و گەرمیان ڕێكناكەون و زۆربەی پۆستەكان بە وەكالەتە.

فازڵ بەشارەتی‌ بەر پرسی لقی 12ی پارتی لە هەلەبجە, كە هاوكات ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌-یە، بە ماڵپەڕی‌ فەرمی‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە “خەتاباركردنی پارتی لەسەر ڕێكنەكەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە هیچ بەهایەكی نییە و لە لای خەڵكیش هیچ بایەخێكیان نەماوە”.
بەشارەتی گوتیشی‌ ”دەبێ هەموو لایەنەكان بە شێوەیەكی واقیعانە یەكتر بخوێننەوە و هیچ لایەنێك هەوڵی قۆرخكردنی پۆستەكان نەدات بۆخۆی و پۆستیش بە حزبی تر ڕەوا نەبینیت. چونكە بەم حاڵەوە هەرگیز ناگەنە ڕێككەوتن و لەگەڵ ئەسڵی كارەكەش ڕێك ناكەون”.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لە ڕابردوودا “بۆ بەرژەوەندیی خەڵك” دەستیان لە زۆر مافی خۆیان هەڵگرتووە، بەڵام ئێستاش ئەگەر پۆست و جێگەیەك بۆ ئەوان نەبێت، كە بتوانن خزمەتی خەڵكی تێدا بكەن، نە پۆستیان دەوێت و نە بەشداری دەكەن.
لەبارەی خۆپیشاندانیش دژی پارتی، فازڵ بەشارەتی‌ وتویەتی “ئەو قەوانە زۆر لێدرا كە خەڵك هان بدرێ و هەڵبكوتنە سەر بارەگاكانی پارتی، ئەمە وەكو دەهۆڵێكی دڕاوی لێهاتووە و دەیكوتن، ئێستا كەس گوێیشیان لێ ناگرێت”.

Back to top button