ڕیفراندۆم وهێزی لۆژیکی پارتی
دانا مهنمی
سەربەخۆی یەکێکە لەپرەنسیپەکانی ڕیفراندۆم ، ڕیفراندۆمیش لە پراکتیکدا سەربەخۆی یە، ڕیفراندۆم پرۆژەیەکە بۆ یەکگرتوی و یەکخستنی هێزی گەل ، ڕیفراندۆم پەرتەوازەی ئێستای کۆمەڵگا تێدەپەڕێنێت و بەگژ ئاراستە جیاوازەکانی دژ بە فکرو بیروڕای دژە ڕیفراندۆم دا دەچێتەوە .
بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی پەتایی حزبی و دەمارگیری و عینادی سیاسییەوە کاربۆ لێکهەڵوەشاندنەوەی هێزی گەل و بێ ئیرادەکردنی هاونیشتیمانیان و پەرتەوازەکردنیان دەکات ، لەکاتێکدا وەزیفەی سەرەکی هەموو هێزە کوردییەکان یەکخستن و کۆکردنەوەی سەرجەم ئایدیاو توانا مرۆیی و ڕەمزی بەها هاوبەشەکانە بەئامانجی ئاڕاستەکردن و بەرەوپێشبردنی پرسی ڕیفراندۆم .
سەربەخۆی خەونی لە مێژینەی ھەموو تاکێکی کوردە کە لە ژێر یەک ئاڵادا و لە چوارچێوەی سنوریکدا کە کوردستان بە سەربەستی بژێت ، ئامانجی سەرۆک بارزانی لە پرۆژەی ڕیفراندۆم ، هەنگاونانە بەرەوسەربەخۆی سیاسی و گەیاندنی گەلی کوردستانە بە کەنارەکانی ئارامی و بەدیهێنانی ئاواتی لەمێژینەمان .
ڕیفراندۆم بۆ جیاکردنەوەی سنوری جوگرافیای کوردستانە ، لە حەمرین تاکو خانەقین بە ناوچە جێناکۆکەکانەوە ، بۆ هەموو پێکهاتە ئەتنی وکلتوری و ئاینیی و ئاراستە سیاسییە جیاجیاکانە ، کەس خاوەنی ڕیفراندۆم نییە و هەمووانیش خاوەنین ، ڕیفراندۆم بۆ ڕزگاربوونە لە کوت و بەندی پاشکۆیەتی و ڕزگاربوونە لەحوکمی شمشێر و لە فەتوای مرۆڤ کوشتن و تیرۆری فتوحاتی ئیسلامی !
سەرۆک بارزانی لەپێناو ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستاندا سازان و سازشکردنی بۆ تاک بەتاک هاوڵاتیان پێ نەنگی و شورەیی نییە و سازش بەمانای تنازول نایەت ، ڕیفراندۆم گەڕانەوەیە بۆ ڕای گەل ، نەک ڕای پەڕلەمان ، واتە هەموو گەل بەشدار دەبن لەبڕیاردان ،مادام پەڕلەمان بەدەنگی خەڵک هەڵدەبژێردرێت ، کەواتە دەنگی خەڵکیش سەنگی محەک و بڕیارێکی چارەنووسازە بۆ یەکلایکردنەوەی پرسی ڕیفراندۆم، چونکە خەڵک شەرعییەت ئەدات هەم بە پەڕلەمان و هەمیش ڕیفراندۆم .
پێویستە تێگەیشتنی هێزە سیاسیەکان بگەنە ئەو دەروازە قەناعەت پێھێنەرەی کە سەرجەم پێھاتەکان لە بنیاتنان و سەرپێخستی پرۆژەی ڕیفراندۆم دا بەشدارو بنیات بنرێت ، دواجار سەرۆک بارزانی بە بەرنامەو پرۆژەیەکی تۆکمە و دیدێکی سۆپەرمانی دەرگای واقیعیەت لەسەر سەربەخۆی سیاسی کوردستان واڵادەکات .
ئەم دۆخە سیاسییە ناهەموارەی کە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە ،پەتایەکی کوشندەیە و بزوتنەوەی گۆڕان و هاوبیرەکانی هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی ئەوپەتایە ، چونکە ئەوپەتایە نەخۆشی دەرونی و کینەو عەبەسییەتی گۆڕان و هاوبیرەکانیەتی نەک نەخۆشی هەناوی کۆمەڵگای کوردی و سیستەمی سیاسی ، پێویستە گۆڕان و هاوبیرەکانی دان بنێن بەنەخۆشییەکەیاندا بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە .
پێموایە عینادی و عەبەسییەتی بزوتنەوەی گۆڕان هەرگیز ڕێگەنادات کە شیکاری نەخۆشییەکەی بۆ بکەیت و جۆری نەخۆشییەكە دەستنیشان بکەیت و دواجاریش چارەسەری گونجاوی بۆ دیاری بکەیت ، بەڵام بەدرێژایی مێژوو حزوری پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی ماڵباتی بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی کوردستاندا دەرمان بووە بۆ دەردی هاوبیرو مونەزیرە نەخۆشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان پەنای بۆ هێزی لۆژیك و رێكارە دیموكراتیەكان بردووە ، دووساڵە سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم سێ بژاردەی مەنتیق و لۆژیکی دیموکراسیانەی خستووەتە بەردەم هێزە سیاسییەکان یەکێک لەو بژاردانە گەڕانەوەیە بۆ ڕای گەل و یەکێکی تریشیان لۆژیکی تەوافوق و ڕێکەوتنی سیاسییە ، بەکارهێنانی لۆژیکی هێزی چەکدار لای پارتی دیموکراتی کوردستان دوای سوتاندنی بارەگاکانی پارتی لە قەڵادزێ و سلێمانی و کەلار و شەهیدکردنی کادیران و پەلاماردان و گرتن و کوشتنیان هات ، مومکین نییە جیرانەکانمان بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی نەبووبێت لە پلان و لەنەخشەدانان بۆ هەڵکوتانە سەر بارەگاو کادیرانی پارتی دیموکراتی کودستان ، چونکە دواجار لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ۲۰۱٥ سەرکونسوڵگەری ئێران لەسلێمانی دڵنیای دایە پارتی کە بارەگاو کادیرانی پارتی پارێزراو دەبن !! هەربۆیە پارتی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان لەکوێدا پێویستی بەهێزی چەک بووبێت پەنای بۆ بردووە کە ئەوەش مافێکی ڕەوایە و لەکوێشدا قۆناغەکە پێویستی بە هێزی لۆژیک و تێگەیشتن وڕێکەوتنی سیاسی هەبووبێت پەنای بۆ بردووە .
بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بە پێچەوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکوێدا پێویستی بە هێزی لۆژیك بوبێت ،پەنای بۆ هێزی ئاژاوەگێری و سوتاندنی بارەگاو شەهیدکردنی کادیرانی پارتی و بەکوشتدانی مێرمنداڵ بردووە، لە بێ سەرو بەری و پەڕشوبڵاوی ئیدارەی سەوزدا ووڵات كاول و وێران بووە بەهۆی ئەفکاری پۆپۆلیزم و ئاژاوەگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان و لە بەزم و سەفای گۆڵبزی و عینادی وعەبەسیەتی خۆیان ناکەون .
ئێمەی کورد ئێستا لەبەردەم پرۆسەی ڕیفراندۆمداین کە پرسێکی ستراتیژی نەتەوەیمانە بۆ پێکهێنانی کیانێکی خاوەن سەروەری و شوناس وناسنامەی دەوڵەتیدا ، بۆیە گرنگە کۆی جومگە سیاسی وئابوری و دیپلۆماتییەکان بخەینە خزمەتی مەشروعی سەربەخۆی کوردستان و خۆمان و نێوماڵی کوردیش بۆ قۆناغی ئایندە ئامادە بکەین .