بەرەو ڕیفڕاندۆم بەڵامەکانى دژبەرانى سەربەخۆیى
سامان ڕەشید
زۆر کات گوێبیستى هەندێ بەناو سیاسى وڕۆشنبیر ئەبین کە لەسەر پرسى ڕیفڕاندۆم وسەربەخۆیى لێدوان وقسەگەلێک ئەکەن جگە لەوەى خاڵییە لە دیتگا وبۆچوونى عەقڵانى،ئەرگۆمێنت گەلێکن لەدواى فاریزەى بەڵامەکانیان وەک پاساو ئەیهێننەوە بۆ دژایەتى کردنى پرۆسەى ڕیفڕاندۆم وسەربەخۆیی جا ئەو دژایەتیکردنە بەویست بێت ئەوە بێگومان دەچێتە خانەى خزمەتکردنى داگیرکەرانى کوردستان وئەجینداى دوژمنانى گەلى کوردستان وە ئەگەر بێ ویستیش بێت ئەو تێنەگەیشتنیان دەگەێنێت لە تیۆرى دەوڵەت.ئەو تێکست ودەستەواژانەى کە لەدواى بەڵامەکانیانەوە وەک بنەما وپایەى دەوڵەت لەچوارچێوەى پیناسەکردنیان بۆ سەربەخۆیى ودروستکردنى دەوڵەت ئاماژەى پێ دەکەن وەک تیۆرى دەوڵەت،سەرلەبەرى نادروست وناواقعین ولە فەرهەنگ و میتۆدى هیچ تیۆرێکى سیاسى سەبارەت بەچمکى دەوڵەت بوونى نییە.چونکە دەوڵەت وەک گردبوونەوەیەکى سیاسى،کیانێکى خاوەن سەروەرى دائەمزرێنى لەچوارچێوەى هەرێمێکى دیاریکراو ومومارەسەکردنى دەسەڵات لەڕێگاى سیستەمێک لەدامەزراوە هەمیشەییەکان ڕیکدەخرێت وبەم پێیەش ئەو بنەما سەرکییانەى بۆ دەوڵەت پێویستن بریتین لە گەل و خاک یان هەرێم و دەسەڵات یان حکومەت و هەندێکیش دانپیدان بەو دەوڵەتە وەک شەرعیەتى یاسایى نێودەوڵەتى وەک بنەماى چوارەم ئاماژەى بۆ دەکەن،بەڵام ئەم بنەمایە لەحەقیقەتدا لاوازە،چونکە کۆمەڵێک دەوڵەت هەن و دانى پێنەنراوە وخاوەن سەروەرى خۆیانن.
ئەوەى دژبەرانى سەربەخۆیى ئاماژەى پێدەکەن بۆ بنەما سەرەکییەکانى دەوڵەت وەک ئیدارەیەکى یەکگرتوو و ئابوورییەکى بتەو وسوپایەکى بەهێز ودامەزراوەى نیشتمانى،هەموو ئەم سێکتەر وچەمکانە لەچوارچێوەى دەوڵەت وسەروەریدا بونیاد ئەنرێن. لەکوێى ئەم جیهانە دیموکراسى،دەوڵەت وسەروەرى بەرهەم هێناوە؟ لەچى هەرێمێک پێش دەوڵەتبوونیان ژێرخانى ئابوورییان بونیاد ناوە؟کامە دەوڵەتە پێش سەروەریییان توانیویانە سوپایەکى یەکگرتووى بەهێزیان ئامادە کردووبێت؟چى دەوڵەتێک پێش ئەوەى ببنە خاوەن کیان،خاوەن دامەزراوەى نیشتمانى بوونە؟لەچى شوێنێک سیاسى و ڕۆشبیرەکانیان ئەو ئەرگۆمێنتە ناعەقڵانى ونالۆجییکیانەى هاوشێوەکانى ئێوەیان کردووەتە بنما بۆ دەوڵەتبوونیان؟ بەڵکو ئەو دەوڵەتە سیستەمى دیموکراسى بەرهەمهێناوە وپرۆسەى دیموکراتى بەرەو پێش بردووە.ئەوە دەوڵەتە دامەزراوەکان بەنیشتمانى ئەکات وژێر خانى ئابوورى بونیاد وبەهێزى ئەکات وخۆشگوزەرانى فەراهەم ئەکات وئەگەر خاوەن دەوڵەت بووینایە ئەوە ئەو قەیڕانە ئابوورییەى ئەمڕۆ ئەو کاریگەرییەى ئێستاى نەدەبوو.ئەوە سەروەرى دەوڵەتە کە هاونیشتمانیان لە ئەنفال و کیمیاباران وقڕکردن ئەپارێزێت،گەر دەوڵەتمان هەبووبایە ئەو هەموو قوربانیەمان نەئەدا.ئەوە سەربەخۆیى و دەوڵەتە کە بووتە چوارچێوەیەک بۆ پاراستنى کەرامەتى هاوڵاتى،ئەگەر دەوڵەت بووینایە،مامەڵەى هاوڵاتى پلە دوو وسێیان لەگەڵدا نەئەکردین.هەلبەت باردۆخ وهەلەومەرج بۆ سەربەخۆیى ودروستکردنى دەوڵەت ناکرێت لیکچواندنێکى ڕەهاى بۆ بکرێت،چونکە ڕووداوەکان وبەرژەوەندییەکان و بارودۆخەکان لەناوچەیەکەوە بۆ ئەوەى تر جیاوازە وهەرێمى کوردستان کۆمەڵێک لەو هەنگاوانەى هاویشتووە و بڕێک ویستگەى بڕیووە پێش سەربەخۆیى کە کەم دەوڵەت هەیە پێش سەربەخۆبوونیان ئەو وێستگانەیان بڕیبێت،ئەمەش فاکتەرێکى بەهیزى گرنگن بۆ داهاتووى دەوڵەتى کوردستان.
ئەو گوتاره پۆپۆلستەى دژبەرانى سەربەخۆیى،زادەى ئەو دیتدگا و عەقڵیەتەیە کە ئەنتیبوونى ڕەوتى سەربەخۆخوازانیان کردووەتە میتۆد وبەرنامەى کارکردنیان و ڕوانگەى سیاسییان لەچوارچوەى لۆجیکى دژایەتیکردن بیناکراوه وە ئەوەى ستراتیجى نەتەوەیى وبەرژەوەندى گشتى گەل و نیشتمان بێت بوونى نییە لە بەرنامە ومیتۆدى کارى سیاسییان وهەرزە سیاسییەکانیان وکۆڵکە ڕۆشنبیر ونووسەرەکانیان کە لەمیدیاکانەوە دژایەتى ڕیفڕاندۆم وسەربەخۆیى ئەکەن پێویستە ئەوه باش بزانن ئەوەى ئەمڕۆ دژایەتى پرۆسەى ریفڕاندۆم وسەربەخۆیى بکات،سبەى لەلاپەرە ڕەشەکانى میژوو ناویان تۆمار دەکرێت.