راوێژكاری تره‌مپ: ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ریفراندۆم دایه‌، ئه‌نجامه‌كه‌شی قبوڵ ده‌كات

خواكوڕك 

راوێژكاری دۆناڵد تره‌مپ و راوێژكاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌لێـ”ئەم پەیامە ئاماژەیە بۆ رەوشی ئێستای واشنتن. وەزارەتی دەرەوە بە تەنیا هەنگاو نانێت بۆ پشتگیریکردنی ریفراندۆم، بێ ئەوەی کۆشکی سپی بە هەمان ئاڕاستە هەنگاو بنێت، وەزارەتی دەرەوە نایەوێت لە پێش کۆشکی سپی هەنگاو بنێت. ئەوەی کە دەبێ لە کوردستان تێیبگەن ئەوەیە، ئێمە بڕوامان بە پرەنسیپی بڕیاردان لە چارەنووس و ئەنجامدانی ریفراندۆم هەیە، ئەمە ئەو ئازادییەیە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە. بۆئەوەی پرسەکە ببێتە بەشێک لە سیاسەتی ئەمریکا، دەبێ کۆشکی سپی هەنگاو بنێت. بەڕای من هەوڵی هاوبەشی کۆنگریس و ئیدارەی ئەمریکای دەوێت کە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ بەپێی نۆرمە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

د.وەلید فارس خاوەنى 14 کتێبە، پێشتر سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکرات بووە کە حیزبێکی سۆشیالیستی مەسیحی بوو لە لوبنان. د.وەلید فارس، دوو خولى هەڵبژاردنى ئەمریکایە کۆمارییەکان راوێژى پێدەکەن، ساڵى 2011 راوێژکارى میت رۆمنى بوو، ساڵى رابردووش یەکێک بوو لە راوێژکارانى دۆناڵد ترەمپ بۆ سیاسەتى دەرەوە، بەڵام دواى کەمپەینى هەڵبژاردن، گەڕایەوە بۆ کەرتى تایبەت له‌ دیمانه‌یه‌كی دا له‌گه‌ڵ رووداو، له‌باره‌ی پشگیریه‌كانی ئه‌مریكا و ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كورد ده‌شلێـ”جیاوازی هەیە لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە ئێستا سەرۆک ترەمپە، لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان کە کۆنگرێسە. ئەمانە دوو شتی جیاوازن. لەبارەی ئیدارەی تڕەمپ، بەڵێ، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن جەختی لەسەر پێویستیی پشتگیریکردنى هەموو هاوپەیمانانمان کردەوە، هەروەها پەراوێزنەخستنی هیچ لایەک، بەتایبەتی ئەوانەی شەڕی داعش و جیهادییەکان دەکەن. بەتایبەت ئاماژەی بە نێوی کورد کرد، ئەگەر گوێ لە قسەکانی بگرینەوە، ئەوا وەک پرەنسیپێکی گشتگیر پشتگیریی ئەوانە دەکات کە شەڕی داعش و جیهادییەکان دەکەن. هەروەها باسی پاراستنی کەمینەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە. کوردی عێراق، زۆر پێش دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ، دانپێدانانی زۆریان بەدەستهێنابوو. دەبێ لە یەک شت بڕوانین، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە، پێگەی هەرێمی کوردستانیش بە یاسا چەسپێنراوە، کەواتە لە هیچەوە نەهاتووە. کورد بەرەو ئەنجامدانی گشتپرسی دەڕوات. ئەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قبوڵکراوە، هەر پێکهاتەیەک دەتوانێ داوای ئەوە بکات.

هه‌ر له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان و گره‌تنی جیهانی له‌شه‌ری دژ به‌ تیرۆرستان، د. وه‌لید فارس ده‌شلێـ”کورد، بەتایبەتی لە عێراق، هەروەها لە ناوچەکە و جیهانیشدا، سەلماندوویانە کە هاوپەیمانن و لایەنێکی گرنگی شەڕی دژی داعشن. دەبینین چەند کورد بوونەتە قوربانی، چەند پێشمەرگە بوونەتە قوربانی، هەروەها کەمینەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی، هەمووان لەوێ قوربانییان داوە. کەواتە لەو روانگەیەوە، شەرعیەتی هەیە، بەڵام جگە لەوەش، ئەگەر پێکهاتەیەکی نەتەوەیی هەست بکات پێویستی بەوەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هیچ شتێک ناتوانێ رێگر بێت. لەبەرئەوە گرنگە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی کورد بە جیهانی بسەلمێن کە ئەوە خواستی گەلی کوردە. دوای ئەوە، پێویستە دانوستاندن بکرێت. لەبیرمان بێت، کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کە ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە. کەواتە، تاوەکوو ئەو کاتەی هیچ شتێک دژی یاسای نێودەوڵەتی نەبێت و پێشێلکاری نەکرێت، پێموانییە هیچ کێشەیەک لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا هەبێت. تاوەکو ئەو کاتەی پرۆسەکە دیموکراسیانە بێت و بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، خاوەنی شەرعییەتە.

له‌باره‌ی یاسایی بوونی ریفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا د.وەلید فارس ده‌شلێـ” پێموانییە لە شەو و رۆژێکدا هەولێر و بەغدا لێک جیاببنەوە. ئەمە بەشێکە لە پرۆسەکە، کاتێک خەڵک دێنە سەر سندوقی دەنگدان و دەڵێن حەزدەکەین دەوڵەتی سەربەخۆمان هەبێت، پێموانییە هیچ کەس لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵێ ئەمە شتێکی نایاساییە و نابێ بیکەن. پێموایە ئەمریکاش پشتگیری ریفراندۆم دەکات و ئەنجامەکەشی قبوڵ دەکات. ئەوەی پێویستە دواتر ئەنجامبدرێت، دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدایە. بەمجۆرە ئەمریکا هاوکار دەبێت. لەبارەی ئەکتەرە هەرێمییەکانی دیکەش، هەریەکەیان هەڵوێستی خۆی دەبێت. تورکیا هاوپەیمانی ناتۆیە، نیگەرانە لەوەی ترەمپ گوێ لە کورد بگرێت، ئێران نەیاری ئەمریکایە، ئەگەری زۆرە دژایەتی سەربەخۆیی بکات،   لەترسی کێشەکانی خۆی. رژێمی ئەسەدیش لە پێگەیەکی دیکەدایە. من دەڵێم ئەوەی لەم کاتەدا کە دەبێ لە خەمیدا بن سەرکەوتنی ریفراندۆمه‌كه‌یه‌ و بەشداریی هەموو حیزبە سیاسییەکان و یەکگرتوویی کوردە، بەجۆرێک نیشانی جیهانی بدەن کە چیتان دەوێت، دواتر هەنگاوی دانوستاندن بنێن لەگەڵ بەغدا و پایتەختەکانی دیکە.

Back to top button