بە ڤیدیۆ: پەرلەمانتارێكی سونە سەلیم جبووری لە لایەن ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بەسەرۆكی پەرلەمان دانرا

خواكوڕك

لاگیری و نزیكایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند لیستێكی توندڕەوی شیعە, دڵی سونەكانی رەنجاندووە بە جۆرێك پەرلەمانتارێكی سونە مەزهەب، ئاشكرای دەكات، سەلیم جبووری لە لایەن ئێرانەوە بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دانرا، جەختیش دەكاتەوە، كە كەسێك لە ئیتڵاعاتەوە هاتە عێراق و جبووری لە پۆستەكەی دانا.

 

عەبدولڕەحمان لویزی، یەكێك لە نوێنەرانی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، كە هاوكات بە (سونەكانی مالیكی) دادەنرێت، لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا، ڕای دەگەیەنێت :” كەسێكی سەر بە ئیتڵاعاتی ئێران هات بۆ عێراق و سەلیم جبووری بە سەرۆكی پەرلەمانی دانا، كە چی بە ئێمە دەڵین سونەكانی مالیكی”.

 

دەستەواژەی (سونەكانی مالیكی) بەو سەركردە سونانە دەگوترێت، كە لە ماوەی ڕابردوودا خۆیان لە نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، نزیك كردەوە.

 

ئەو پەرلەمانتارە سونە مەزهەبە، جەخت دەكاتەوە، كە ئێران سەلیم جبووری لە پۆستەكەی داناوە.

 

عەبدولڕەحمان لویزی، ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە گەورە ڕاوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ماوەی 20 ساڵ لە ئێران بووە، گوتیشی :” ئێستا ئەوان بوون بە كەسانی نیشتمانی و ئێمەش كراوین بە ئێرانی”.

Back to top button